سەرۆک وەزیری تورکیا دەڵێت پارتەکەی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ دانانی دەسـتورێـکی نوێ بۆ وڵاتەکەی، سەرەڕای کشانەوەی پارتی جەهەپەی ئۆپـۆزسیۆنی سەرەکی لە لیژنەی پەرلەمانی بۆ دانانی دەسـتوری نوێ.
ئەحمەد داوود ئۆغڵو ئەمڕۆ چوارشەممە لە وتارێـکیدا کە لە ڕێگەی تەلەفیزیۆنەوە پەخشکرا کرا گوتی ئەوان وەکو پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدار بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ دانانی دەسـتوری نوێ، وە داوا لە پارتەکانی دیکەی ئۆپـۆزسیۆن کرد ئەوانیش بە هەمان شێوە بەردەوامبن.
لە لایەکی دیکە پارتی مەهەپەی ئۆپـۆزسیۆن ڕایگەیاند بەبێ جەهەپە بەشداری لە لیژنەی دانانی دەسـتورەکە ناکات.
ئۆکتای ئۆزتورک جێگری سەرۆکی پارتی مەهەپە ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی گوت هەڵەیە لیژنەکە بەبێ جەهەپە درێژە بە کارەکە بدات.
جێی ئاماژەیە شەوی سێشەممە لە پاش تەواوبوونی سێـیەمین کۆبوونەوەی لیژنەی دانانی دەسـتوری نوێ، پارتی جەهەپە کشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، ئەمەش وەکو دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر هەوڵەکانی ئاکەپە بۆ گۆڕینی شێوازی حوکمڕانی وڵات لە پەرلەمانیـیەوە بۆ سەرۆکایەتی.
لایەنەکانی ئۆپـۆزسیۆن مەترسیـیان هەیە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەسەڵاتی ڕەهای بکەوێتەدەست و ببێتە سەرۆکێـکی زۆردار، بەڵام ئەردۆغان ئەو تێڕوانینانە ڕەتدەکاتەوە.
هەروەها بەشێـکی زۆری پارتەکانی ئۆپـۆزسیۆن خوازیارن سەنگی بخرێتە سەر مافی کەمینەکان و ئازادیـیە دیموکراسیـیەکان.