دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەو تانەیەی ڕەتکردەوە کە پـێشکەشی کرابوو لە بارەی لابردنی هوشیار زێباری لە پـۆستی وەزیری دارایی وڵاتەکە لە لایەن پەرلەمانەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیاندنێـکدا لەسەر ماڵپەڕی دادگاکە، نووسراوە دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری لەسەر ئەو تانەیە دا کە دەڵێت لابردنی وەزیری دارایی پـێشوو نادەسـتوری بووە.
دادوەر عەبدول سەتار بەیرەقدار گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری فیدراڵی گوتی "دادگای باڵای فیدراڵی ئەمڕۆ سێشەممە سەیری سکاڵای تانەکەی کرد کە دەڵێت لابردنی وەزیری دارایی نادەستوری بووە لە پاش لێـپـرسینەوە لەگەڵی لە ئەنجومەنی نوێنەراندا."
گوتیشی دادگاکە لە بڕیارەکەی ڕوونی کردووەتەوە ئەو ماوەی حەوت ڕۆژەی لە ماددەی 61 ی دەسـتور باسکراوە لە خاڵی ج ی بڕگەی حەوتەم، تایبەتە بەو ماوەیەی لە نێوان داوای سازکردنی لێپـرسینەوەکە و قبوڵکردنیەتی، مەبەست لەمەش بوار بە وەزیر بدرێت وەڵام و بەڵگەکانی خۆی ئامادەبکات.
باسی لەوەش کرد بڕیاری دادگاکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە ئەم ماوەی حەوت ڕۆژە بۆ پـرۆسەی دروسـتکردنی قەناعەتی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران نیـیە بە وەڵامەکانی ئەوەی پـرسیاری لێدەکرێت، بەڵکو دەنگدان لەسەر کار لابردن و لانەبردن دەکەوێتە سەر تێڕوانینی ئەندامانی ئەنجومەنەکە بێ لەو ماوەیەی کە لە نێوان کۆتاییهێنانی لێـپـرسینەوەکە و بڕیاری ئەنجومەنەکە بۆ لابردنی لە کارەکە هەیە. بۆیە دادگا بڕیاری دا سکاڵاکە ڕەتبکاتەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە 21 ی مانگی نۆی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی دا بۆ لابردنی هوشیار زێباری لە پـۆستی وەزیری دارایی، ئەمەش پاش ئەوەی لە 27 ی مانگی هەشت بڕیاری دا قەناعەتی بەو وەڵامدانانەوەی نیـیە کە خستبوونیە ڕوو لە لێـپـرسینەوەکەی لە 25 ی مانگی هەشت بۆی سـازکرا.