داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەی ئەو ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوە ڕاگەیاند کە شەوی ڕابردوو لە ناوچەیەکی قەرباڵغی ناوەندی بەغدای پایتەختی عێراقی هەژاند.
تەقینەوەکە لە شوێنێـکی ڕاگرتنی ئۆتۆمبیل ڕوویدا، لە بەرامبەر ئوتێلی کۆشکی سەیوان و ڕێستورانتی کوێسـتان لە ناوچەی سەعدون. بەپـێی عەمید سەعەد مەعەن گوتەبێژی ژوری ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا 3 کەس گیانیان لەدەسـتداوە و 18 کەسی دیکە برینداربوون، هەروەها ژمارەیەک ئۆتۆمبیلیش زیانیان پـێـگەیشـتووە.
داعش لە ڕاگەیاندنەکەی نووسیویەتی کۆمەڵێـک بەرپـرس و ئەندامانی حەشدی شەعبی کردووەتە ئامانج. گەواهیدەران دەڵێن شوێنی تەقینەوەکە ناوچەیەکی بازرگانیـیە و پـڕە لە خەڵکی سیڤیل.