حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق داوای لە قەوارە سیاسیـیەکانی نێو پەرلەمان و کەسایەتیـیە ناودارەکانی وڵاتەکەی کردووە کەسانی تەکنۆکرات پـێشنیاربکەن بۆ ئەو حکومەتە نوێـیەی بەنیازە پـێکیبهێنێت.
تەلەفیزیۆنی فەرمی عێراق ئەمڕۆ هەینی ئەمەی ڕاگەیاند و گوتیشی لیژنەیەکی سەربەخۆ لە شارەزایان هەڵدەستێت بە بەربژارکردنی ناوەکان و دواتر لیستی ناوەکان دەخرێتە بەردەم عەبادی هەتا لە نێویاندا هەڵبژێرێت.
جێی ئاماژەیە لە مانگی ڕابردووەوە عەبادی باس لەو دەکات کە خوازیارە حکومەتێـکی تەکنۆکرات پـێـکبهێنێت و چیتر دابەشکردنی پـۆستەکان لەسەر بنەمای سیاسی و نەتەوەیی و ئاینزایی نەبن.
ڕۆژی چوارشەممەش سەرۆک وەزیری عێراق لە فەیسبوکەکەی خۆی نووسیویەتی لەم زووانە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە حکومەتەکەی دەکات و کەسانی تەکنۆکرات بۆ گرتنەدەستی ئەو وەزارەتانە پـێشنیاردەکات کە گۆڕانکاریـیەکە دەیانگرێتەوە، ئەمەش بەپـێی دەسـتور و هاوبەشی سیاسی لە نێوان پـێکهاتەکانی خەڵکی عێراق و نوێنەرە شەرعیـیەکانی.
هاوکات ئەمڕۆ هەینی بە هەزاران لە دانیشـتوانی بەغدا لە ناوەندی شارەکەیان خۆپـیشاندانی ناڕەزایـیان سـازکرد بە مەبەستی داوای گۆڕانکاری لە حکومەت و نەهێشتنی گەندەڵی لە وڵاتەکەدا.
سەڵاح بامەرنی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە بەغدا ڤیدیۆیەکی خۆپـیشاندانەکەی ناردووە.