هەردوو کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەڵمانی NDR فێغنسەین و WDR فێغنسەین دەڵێن لە میانەی کارە ڕۆژنامەگەریـیەکانیان لە هەرێمی کوردسـتانی عێراق بۆیان دەرکەوتووە چەکی ئەڵمانی لەوانەی حکومەتی وڵاتەکەیان بۆ هێزەکانی پـێشـمەرگەی ڕەوانەکردبوون بۆ شەڕی داعش وان لە بازاڕەکانی هەولێر و سلێمانی دەفرۆشرێن.
ڕۆژنامەوانی هەردوو کەناڵەکە دەڵێن تفەنگی G3 و دەمانچەی P1 یان لە بازاڕەکانی کوردسـتان بینیوە و هەموویان هەردوو پـیتی BW یان لەسەر هەڵکۆڵرابوون کە کورتەی ناوی لەشکری ئەڵمانیایە (Bundeswehr). دەشڵێن تەنانەت دەمانچەیان بینیوە هەر لە ناو پاکەتەکەی خۆیدا بووە و بە ئەڵمانی لەسەری نووسرابوو و ژمارەی چەکەکەشی لەسەر بووە.
ڕۆژنامەوانەکان باس لەوەش دەکەن کە زانیاریان دەسـتکەوتوو کە بەهۆی بێ موچەیی و خراپی باری ئابوری، پـێشـمەرگە هەیە ناچاربووە چەکەکەی خۆی بفرۆشێت.
هەردوو کەناڵەکە دەڵێن نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک بۆی پشـتڕاستکردوونەتەوە و گوتویەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەی دارایی هەیە و ناتوانێت لە کاتی ئاسایی خۆیدا موچەی فەرمانبەرانی بدات، لەوانەش ئەوانەی هێزەکانی پـێشـمەرگە.
پاشان هەردوو کەناڵەکە دەڵێن لەم بارەیەوە قسەیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا کردووە و لە وەڵامدا گوتویانە حکومەتی هەرێمی کوردسـتان بەرپـرسیارە لەوەی ئەم چەکانە بە شێوەیەکی ڕاست مامەڵیان پـێوەبکرێت.