دوو کەس بە چەقۆوە هێرشیان کردە سەر کڵێسایەک لە ناوچەیەکی باکوری ڕۆژئاوای فەڕەنسا و لە ئاکامدا قەشەیەکیان سەربڕیوە بەر لەوەی پـۆلیس هەردووکیان بکوژێت.
بەپـێی ڕاپـۆرتەکان بەیانی ئەمڕۆ بە کاتی فەڕەنسا لەو دەمەی نوێژ و نزا دەکرا لە کڵێسای سانت ئتیان دو غوفغێ Saint-Etienne-du-Rouvray ی ناوچەی نۆرماندی، دوو کەسەکە لە دەرگای پشـتەوەی کڵێساکە خۆیان کردووە بە ژوردا و 5 کەسیان بە بارمتە گرتووە، لە نێویاندا قشەی کڵێساکە و دوو ڕاهیبە.
هێزەکانی پـۆلیس دەستبەجێ دەگەنە شوێنەکە و کڵێساکە گەمارۆ دەدەن. هێرشبەرەکان قشەکە سەردەبڕن کە تەمەنی 84 سـاڵ بوو و بارمتەیەکی دیکە بە قورسی برینداردەکەن. سێ بارمتەکەی دیکە ڕزگاردەکرێن.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ بۆ میدیاکانی ڕاگەیاند بریندارەکە هێندە برینەکانی قورسە لە نێوان مان و نەماندایە. گوتیشی هێزەکانی پـۆلیس لە کڵێساکە و دەوروبەری پـشکنین دەکەن نەکا بۆمب دانرابێت.
فڕانسوا ئۆلاند سەرۆکی فەڕەنسا بە توندی هێرشەکەی شەرمەزارکرد و بە تێرۆرستی ناودێریکرد و گوتی هێرشبەرەکان گوتویانە داعشن.
ڤاتیکانیش هێرشەکەی شەرمەزارکرد و بە کارێکی قێزەوەنی دڕندانەی دانا.
سەرچاوە فەرمیـیەکان دەڵێن هەریەک لە فڕانسوا ئۆلاند و بێرنار کازنۆڤ وەزیری ناوخۆ بەرەو شوێنی ڕووداوەکە دەڕۆن و لە ئێستادا لێکۆڵینەوە دەسـتیپـێکردووە.
ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز دەڵێت داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاندووە.