کاربەدەسـتانی ئەفغانسـتان دەڵێن هێرشی خۆکوژی کراوەتە سەر خوێندکارانی ئاکادیمیای پـۆلیس لە ناوچەی قەڵای حەیدەر خان لە ڕۆژئاوای کابولی پایتەخت و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 37 کەس کوژراون و 40 کەسی دیکە برینداربوون.
موسا ڕەحمەتی فەرمانڕەوای ناوچەی پەغمان بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی ڕاگەیاند هێرشەکە ئەمڕۆ پـێـنجشەممە لە ناوچەکەی ئەوان کرابوو و خۆکوژی یەکەم خۆی بە دوو پاسی خوێندکار و ڕاهێنەرانی ئاکادیمیاکە تەقاندووەتەوە و بە دوایدا خۆکوژی دووەم خۆی بەو کەسانە تەقاندووەتەوە کە هاتبوون بۆ بەهاناچوونی قوربیانیانی تەقینەوەکەی یەکەم. گوتیشی 4 کەسی سیڤیل لە نێو قوربانیـیەکاندان.
تاڵیبان لە زاری گوتەبێژەکەی زەبیحوڵڵا موجاهید بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند. گوتی دوو خۆکوژیان هێرشەکەیان ئەنجامدابوو، یەکەمیان بە ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراوەوە خۆی بە پاسەکاندا تەقاندووەتەوە و خۆکوژی دووەم بە پـیادە بووە و کاتێـک خۆی تەقاندووەتەوە کە هێزەکانی پـۆلیس گەیشتبوونە شوێنەکە.