سه‌رۆکی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له‌میانه‌ی وتاره ته‌له‌فزیۆنییه‌که‌ی دره‌نگانێکی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌یدا هه‌وڵی ڕه‌واندنه‌وه‌ی نیگه‌رانی ئه‌مریکاییه‌کانی دا سه‌باره‌ت به هێرشه تێرۆرکارییهکان و هه‌روه‌هاش هه‌ڵمه‌ته‌کانی ئه‌مریکای خسته ڕوو دژی هه‌روادێ و فراوان بوونی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌کانی تێرۆریزم.
به‌ر له‌وه‌ی سه‌رۆک ئۆباما وتاره‌که‌ی پێشکه‌ش بکات کۆشکی سپی ئاماژه‌ی به‌وه کرد که سه‌رۆک ئۆباما باس له‌وه ده‌کات تێرۆریزم چۆن په‌ره ده‌سه‌نێت و چۆنیش شکستی پێده‌هێنرێت.
سه‌رۆک ئۆباما داوای له هاووڵاتیانی ئه‌مریکایی کرد خۆیان نه‌ده‌نه ده‌ست ترس دوابه‌دوای هێرشه تێرۆرکارییه‌کانی پاریس و ستانی کالیفۆرنیا و دڵنیاییشی دا به ئه‌مریکاییه‌کان که به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌که‌ی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌کانی تێرۆریزمی به ڕژدی وه‌رگرتووه.
سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت مه‌ترسییه‌کانی تێرۆریزم ڕاسته‌قینه‌ن به‌ڵام سه‌رده‌که‌وین به‌سه‌ریدا و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی تێک ده‌شکێنین.
سه‌رۆک ئۆباما له وتاره‌که‌یدا سوربوونی خۆی دووباره کرده‌وه بۆ شکستپێهێنانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و هه‌روه‌هاش بۆ وابه‌سته‌یی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به به‌هاکانی خۆیه‌وه بۆ دادوه‌ری و یه‌کسانی ئازادی و سه‌رکه‌وتنی ئه‌م به‌هایانه به‌سه‌ر ئایدیۆلۆژیه‌تی ڕق و کینه‌ی تێرۆریستاندا.
سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ڕاناکێشرێته ناو شه‌ڕی زه‌مینیه‌وه له عێراق و سوریادا، به‌ڵام په‌یمانی له‌ناوبردنی ڕێکخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌دات و ده‌ڵێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ئه‌مریکا ستراتیژیه‌تی خۆی هه‌یه و ده‌ڵێت وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به‌رگرییه‌کانی خۆی دژی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه ده‌ره‌وه‌ییه‌کان تۆکمه کردووه و له‌شکری ئه‌مریکاش له ده‌ره‌وه‌ی وڵات به دوای تێرۆریستانهوهن.
سه‌رۆکی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ده‌ڵێت له ئێستادا تێرۆریستان هێرشه‌کانیان که‌متر ئاڵۆزه به به‌راورد له‌گه‌ڵ هێرشه‌کانی پێشوویاندا.
له وتاره‌که‌یدا سه‌رۆک ئۆباما باسی له تێگه‌یشتنی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی کرده‌وه له پرسیاری ئه‌مریکاییه‌کان سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی شێرپه‌نجه‌یه‌ک ده‌بینه‌وه که چاره‌سه‌رییه‌کی ده‌سبه‌جێی نییه، به‌ڵام جه‌ختی کرده‌وه له‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی تێکده‌شکێندرێت.
سه‌رۆک ئۆباما په‌یمانیشی دا که له‌شکری وڵات دوای سه‌رکرده‌کانی تێرۆریستان ده‌که‌ون له هه‌ر وڵاتێکی جیهاندا خۆیان شاردبێته‌وه و ده‌شڵێت وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به‌رده‌وام ده‌بێت له مه‌شق و ڕاهێنان پێکردنی ئه‌و هێزه عێراقی و هه‌روه‌ها سوریاییه‌کانیش که شه‌ڕی دژی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌که‌ن.
سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ دۆست و هاوپه‌یمانه‌کانیدا کار ده‌کات و ده‌شڵێت کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی به‌رده‌وامه له هه‌وڵه‌کانی بۆ دانانی سنورێک بۆ قه‌یرانی سوریا.
له وتاره‌که‌شیدا سه‌رۆک ئۆباما باسی له‌وه کرد که نابێت شه‌ڕی دژی تێرۆریزم به شه‌ڕی نێوان ئه‌مریکا و ئیسلام پێناسه بکرێت و ده‌شڵێت ده‌بێت ڕێبه‌رانی ئاینی ئیسلام کار له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا بکه‌ن بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و ئایدیۆلۆژیه‌تی ڕق و کینه‌یه‌ی ئه‌لقاعیده و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بڵاوی ده‌که‌نه‌وه.
سه‌رۆکی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له وتاره‌که‌یدا دواترین هه‌واڵی لێکۆڵینه‌وه‌کانی ته‌قه‌کردنه خوێناوییه‌که‌ی ستانی کالیفۆرنیای دا به ئه‌مریکاییه‌کان و ده‌ڵێت ده‌زگای لێکۆڵینه‌وه‌ی فێدراڵی (ئێف بی ئای) به‌رده‌وامه له لێکۆڵینه‌وه‌کان و هێرشه‌که‌ی سانت بیرناردینۆ له ستانی کالیفۆرنیای به هێرشێکی تێرۆرکاری ناودێر کرد، و ده‌شڵێت بۆ ڕێگه‌گرتن له ڕوودانه‌وه‌ی ئه‌م جۆره هێرشانه فرمانی چاو خشاندنه‌وه‌ی داوه به‌سه‌ر بڕیاره‌کانی چۆنیه‌تی ڤیزا دان که به شێوه‌یه‌ک بووه ڕێگه دراوه ئافره‌تێکی بکوژ بگاته ناو ئه‌مریکا.
سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه کۆنگرێس نیشانی بدات گه‌لی ئه‌مریکا وابه‌سته‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌ی دژی تێرۆریزمه.
سه‌رۆک ئۆباما له کۆتایی وتاره‌که‌یدا وتی "با ئه‌وه‌مان له یاد نه‌چێت که ئازادی زۆر له ترس به‌هێزتره."
سه‌رۆک ئۆباما وتاره‌که‌ی له ئۆڤڵ ئۆفیس له کۆشکی سپی پێشکه‌ش کرد، واته ئه‌و ئۆفیسه‌ی سه‌رۆکه‌کانی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا هه‌ندێک له وتاره هه‌ره گرنگه‌کانی خۆیانیان تیادا پێشکه‌شیان کردووه.
به‌ر له وتاره‌که‌ی دره‌نگانێکی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه، سه‌رۆک ئۆباما له ساڵی 2010 دا وتارێکی تری له ئۆڤڵ ئۆفیس پێشکه‌ش کرد و تیایدا کشانه‌وه‌ی هێزه سه‌ربازییه‌کانی ئه‌مریکای له عێراق ڕاگه‌یاند.
ده‌قی وتاره‌که