فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە یەمەن 13 ئەندامی قاعیدە دەکوژێت

بە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان له‌ یەمەن نزیکەی 13 ئەندامی سەر بە قاعیدە کوژراون کە یەکێـکیان سەرکردەیە.

هێرشەکان کە پـێدەچێت لە لایەن فڕۆکەی ئەمەریکایـیەوە ئەنجامدرابن لە شەوی چوارشەممە و بەرەبەیانی پـێنجشەممە بوون، لە هەردوو پارێزگای ئەبیەن و شەبوە.

سەرچاوە ئاسایشیـیەکان دەڵێن یەک لە بۆردومانەکان لە ناوچەی مەراقشەی پارێزگای ئەبیەن بووە و بووەتە مایەی کوژرانی جەلال بلعیدی کە بە ئەبو حەمزە ئەلزنجباری ناسرابوو، لەگەڵ دوو لە پاسەوانەکانی.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فەڕەنسا دەڵێت بلعیدی پـێش ئەوەی لە پـلەکەی بەرزبکرێتەوە سەرکردەی قاعیدە بووە لە زنجبار. بەڵام ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت بەپـێی سەرچاوە خۆجێـیەکان بلعیدی بووبوو بە ڕێبەری باڵی یەمەنی داعش.

هاوکات لە پارێزگای شەبوەی باشوری وڵاتەکە، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی دیکە ئۆتۆمبیلێـکی لە ناوچەی ڕزوم (رضوم) کردووەتە ئامانج و لە ئاکامدا 10 ئەندامی قاعیدە کوژراون.