داواکاری گشتی و پـۆلیسی هۆڵەندا دەڵێن ئەگەری هاندەری تێرۆرستی لە پـشت ڕووداوەکەی دوێنێ دووشەممەی شاری ئوتریخت زیاتربووە، پاش ئەوەی نامەیەکیان لە ناو ئەو ئۆتۆمبیلەدا دۆزیوەتەوە کە گومانلێکراوی سەرەکی پـێی هەڵهاتبوو.
لە ڕاگەیاندنێـکی هاوبەشدا داواکاری گشتی و پـۆلیس ئەمڕۆ سێشەممە گوتیان جگە لە نامەکە و شێوازی هێرشەکە، شتی دیکەیان بۆ ڕوونبووەتەوە کە وەها دەکەن ئەگەری هاندەری تێرۆرستی زیاتربێت.
پـۆلیسی هۆڵەندا گۆکمان تانیش تەمەن 37 ساڵی دەستگیرکردووە کە گومانلێکراوی سەرەکیـیە و 2 پـیاوی دیکەش، تەمەنیان 23 ساڵ و 27 ساڵ، ئەوانیش دەستگیرکراون. پـۆلیس ئەو ئۆتۆمبیلەشی دۆزیوەتەوە کە گۆکمان تانیش پـێی هەڵهاتبوو.
پـۆلیسی شاری ئوتریخت لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە زانیاری زیاتری لە بارەی قوربانیـیەکانەوە داوە، دەڵێت ژنێکی تەمەن 19 ساڵ و دوو پـیاو 28 ساڵ و 49 ساڵ کوژراون. سێ کەسیش برینەکانیان قورسە و بریتین لە پـیاوێکی 74 ساڵ و دوو ژن تەمەن 20 ساڵ و 21 ساڵ.
داواکاری گشتی و پـۆلیس دەڵێن هەتا ئێستا هیچ پەیوەندیـیەکیان لە نێوان گومانلێکراوەکە و قوربانیـیەکان نەدۆزیوەتەوە. پـێشتر چەند میدیایەکی هۆڵەندی و تورکی گوتیان شیانی هەیە کێشەی خێزانی لە پشت ڕووداوەکەوە بێت.