ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزای بەسەر دوو وەزیری تورکیا سەپاند لە پاش ئەوەی ئەنکەرە داواکەی واشنتنی ڕەتکردەوە بۆ ئازادکردنی قەشە ئەندرۆ برەنسن کە نزیکەی 2 ساڵە دەسـتگیریان کردووە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی ڕایگەیاند سزای سەپاندووە بەسەر هەریەک لە عەبدولحەمید گول وەزیری دادی تورکیا و سلێمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا کە گەورەی ئەو دوو وەزارەتەن، ئەوانەی دەستیان هەیە لە پـێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
بەپـێی سزاکان هەموو موڵک و سەروەت و سامانی ئەم دوو وەزیرە لە ئەمەریکا سڕدەکرێن و هەروەها نابێت هیچ ئەمەریکایـیەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.
ستیفن مەنوخن وەزیری خەزینەی ئەمەریکا گوتی دەستگیرکردنی ناڕەوایانەی قەشە برەنسن و بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەی کاربەدەستانی تورک لەگەڵی جێی قبوڵ نیـیە.
لە لایەکی دیکە سارا ساندەرز گوتەبێژی کۆشکی سپـی گوتی قەشە برەنسن قوربانیـیە و بەبێ هیچ پاساوێک ڕووبەڕووی مامەڵەیەکی ستەمکارانە بووەتەوە لە لایەن حکومەتی تورکیاوە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەپاندنی سزاکان بەسەر تورکیا، بەهای لیرەی تورکی بە شێوەیەکی بەرچاو هاتووەتە خوارێ.