مایک پەمپـێۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ دووشەممە لە وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو هاوتا تورکەکەی کۆبووەوە. یەک لە بابەتە سەرەکیـیەکانی تاووتوێیان کردووە چارەنووسی هێزەکانی سوریای دیموکرات بووە لە شاری مەنبجی سوریا.
پاش کۆبوونەوەکە ئەمەریکا و تورکیا ڕاگەیاندنێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، ئەمەش دەقەکەیەتی:
"وەزیری کاروباری دەرەوەیی کۆماری تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپـێو لە 4 ی مانگی شەش لە واشنتنی پایتەخت کۆبوونەوە. دووپاتیانکردەوە کە تورکیا و ئەمەریکا هێشتا پابەندن بەوەی بە گیانێکی هاوپەیمانانە نیگەرانیـیە هاوبەشەکانیان بڕەوێننەوە.
هەردوو وەزیر چاوشئۆغڵو و پەمپـێـۆ ڕاوبۆچوونەکانیان لە بارەی مەسەلە هاوبەش و هەرێمیـیەکان گەیاندە یەکتر. دووپاتیانکردەوە کە پـێکەوە سوورن لەسەر نەهێشتنی تێرۆرزم بە هەموو شێواز و جۆرەکانی.
تاووتوێی ڕاسپاردەکانی تیمی کاری تورکی- ئەمەریکی لەمەڕ سوریایان کرد سەبارەت بە ئایندەی هاوکاری دوو قۆڵی نێوانیان لە مەسەلەکانی جێی بایەخی هەردوولان، لەوانە ڕێوشوێنەکان بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە مەنبج. هەردووکیان لەسەر نەخشە ڕێگایەک هاوڕابوون بۆ گەیشتن بەم ئامانجە و جەختیان کردەوە کە وابەستەن بە جێبەجێکردنی، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ڕێکەوتنێکە بۆ لە نزیکەوە بەدواداچوونی پـێشهاتەکان لە ناوچەکە.
هەروەها هەردوو وەزیر چاوشئۆغڵو و پەمپـێۆ تاووتوێی پەیوەندیـیەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکایان کرد وە پـێکهاتن لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی زیاتر لەسەر میکانیزمی کاری تیمی هاوبەشیان بۆ چارەسەرکردنی مەسەلە گرنگەکانی هەنووکە لە پەیوەندی دووقۆڵی نێوانیان. لە پاش کۆبوونەوەکەی هەردوو وەزیر، دانیشتنێکی سەرەتایی تیمی کاری هاوبەش بۆ بابەتی یاسایی و مەسەلەکانی دیکە دەستبەجێ ئەنجام درا."
ئاژانسی دەنگوباسی ئانادۆڵوی فەرمی تورکیا دەڵێت چاوشئۆغڵو گوتویەتی بڕیارە لە ماوەی کەمتر لە 6 مانگ نەخشە ڕێگایەکیان لەگەڵ واشنتن بۆ مەنبج جێبەجێ بکرێت. هەروەها ئەمەریکا لە 21 مانگی شەش فڕۆکەی پـێشکەوتووی جۆری F-35 دەدات بە تورکیا سەرەڕای ناڕەزایی ژمارەیەک لە یاسادانەرانی ئەمەریکا.