سەرۆک ترامپ دەڵێت بە ڕێکەوتنێک لەگەڵ دیموکراتەکان گەیشتووە بۆ کردنەوەی دامودەزگاکانی حکومەتی فیدراڵی بۆ ماوەیەکی کاتی تاوەکو لەو ماوەیەدا لەگەڵ دیموکراتەکانی نێو کۆنگرێس بە ڕێکەوتنێک بگەن.
سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ هەینی لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند هەتا 15 ی مانگی دوو دامودەزگاکانی حکومەت دەکرێنەوە و هیوا دەخوازێت هەتا ئەو کاتە دیموکراتەکان قایلبن بە پەسەندکردنی بوجەیەک کە تیایدا پارە دابینبکرێت بۆ دروستکردنی دیوارێک لەسەر سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک بۆ ڕێگەگرتن لە کۆچبەرانی نایاسایی.
گوتیشی بژارەیەکی دیکەی بەهێزی هەیە بەڵام ناخوازێت لە ئێستادا بەکاریبهێنێت، ئەویش ڕاگەیاندنی باری نائاسایییە کە بوار بە سەرۆک دەدات فەرمان بە لەشکر بکات بۆ دروستکردنی ئەو دیوارە.
لە ئێستادا دەبێت هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سینات بە پـرۆژە بڕیارێک پەسەندبکەن بۆ کردنەوەی کاتی دامودەزگاکانی حکومەتی فیدراڵی، پاشان ڕەوانەی کۆشکی سپی بکرێت تاوەکو سەرۆک واژوی بکات و ببێتە بڕیار.