کۆشکی سپی لە دژی بڕیاری دادگایەکی ئەمەریکایە بۆ ڕاگرتنی فەرمانێکی سەرۆک ترامپ

کۆشکی سپـی کاردانەوەی توندی بەرامبەر بڕێاری دادوەرێکی فیدراڵی هەیە کە جێبەجێکردنی فەرمانێکی ئەم دوایـیانەی سەرۆک ترامپی ڕاگرتووە سەبارەت بە قەدەغەکردنی گەشت بۆ ئەمەریکا لە ژمارەیەک وڵاتەوە کە وەها دانراوە لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

کۆشکی سپی دەڵێت ئەو بڕیارەی دادگای واشنتن لە ڕۆژی سێشەممە دریکرد، هەوڵەکانی سەرۆک ترامپ بۆ پاراستنی خەڵکی ئەمەریکا بنکۆڵدەکات و هەروەها کاردەکات سەر ئەو ڕێوشوێنە ئاسایـیانەی دەگیرێنەبەر بۆ هاتنە ناو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

بەپـێی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ دادوەرەکە بڕیاری داوە لە دژی فەرمانی قەدەغەکردنی گەشتکردن لە شەش وڵاتەوە بۆ ئەمەریکا، بەوەش ناتوانرێت وەک پـێویست زانیاری دابین بکرێن بەو ئاستەی پـێویستن بۆ ئاسایشی ئەمەریکا.

فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ بە ئاستی جیاواز قەدەغەی گەشتکردنی بەسەر هاوڵاتیانی ئێران و چاد و لیبیا و سۆماڵ و سوریا و یەمەن سەپاندووە.

بەڵام دادوەرەکە هیچ ڕاگرتنێکی جێبەجێکردنی بۆ فەرمانێکی دیکەی هاوشێوە بۆ کۆریای باکور و ڤەنزوێلا دەرنەکردووە.

بەڕێوبەرایەتی سەرۆک ترامپ دەڵێت داوای پـیاداچوونەوە بە بڕیاری دادگاکە دەکات.