هێزێکی ئەمەریکا کە پـێکهاتبوو لە ژمارەیەک ئۆتۆمبیلی زرێپـۆش هەوڵیان دابوو بە نێو گوندێکی عەرەب نشین لە باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری قامیشلو تێپەڕببن، بەڵام لەلایەن چەکدارانی سەر بە حکومەتی سوریاوە ڕێگریان لێکراوە و لە ئەنجامدا پـێکدادان ڕوویداوە و کەسێک کوژراوە.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە دەروازەی گوندی خەربەت عەمۆ کە نزیکەی 3 کیلۆمەتر لە قامیشلووەوە دورە، ڕێگری لەو هێزەی ئەمەریکا کرا و دەمەقاڵی لە نێوان هێزەکە و چەکدارەکانی حکومەت دەستیپـێکرد و هاوکات ژمارەیەک لە دانیشتوانی گوندەکە لە دەوری هێزەکەی ئەمەریکا گردبوونەوە و کەوتنە بەردبارانکردنی هێزەکە.
پاشان چەکدارەکانی حکومەت ڕاستەوخۆ تەقەیان لە ئۆتۆمبیلەکان کرد و سەربازە ئەمەریکایـیەکانیش وەڵامیان دایەوە و چەکدارێکی سەر بە حکومەت کوژرا. 5 ئۆتۆمبیلی هێزەکەی ئەمەریکا توانیبوویان بە گوندەکەدا تێپەڕببن، بەڵام 3 ئۆتۆمبیلی دیکەیان مایەوە.
فڕۆکە جەنگیـیەکانی ئەمەریکا دەستبەجێ گەیشتنە ئاسمانی ناوچەکە و دیواری دەنگیان بەزاند بە ئامانجی دروخستنەوەی چەکدارەکان و خەڵکەکە لە هێزەکە.
دواتر هێزێکی ڕووسیا گەیشتە شوێنەکە و هێزەکەی ئەمەریکا توانی ناوچەکە جێبهێڵێت. بەپـێی زانیاریـیەکانی دەنگی ئەمەریکا هیچ سەربازێکی ئەمەریکایی زیانی پـێنەگەیشتووە.
جێی ئاماژەیە دانیشتوانی گوندی خەربەت عەمۆ عەربن لە خێڵی تەی (طيء) .