کەناڵی ئەلحوڕە دەڵێت چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ هەینی ئۆفیسی پـشکنەری گشتی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕاپـۆرتێک بڵاوبکاتەوە و تیایدا مەترسیـیەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بخاتەڕوو.
بەپـێی زانیاریـیەکانی حوڕە لە ڕاپـۆرتەکەدا ئاماژە بۆ ئاکامە خراپەکانی ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە ناو خاکی سوریا دەکرێت و پـێشبینی دەکات کە شیانی هەیە داعش بتوانێت لە ماوەی 6 بۆ 12 مانگ ناوچەی دیکە کۆنترۆڵبکات.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئۆفیسی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگری ڕەتیکردووەتەوە لێدوان لە بارەی ڕاپـۆرتەکەوە بدات.
جێی ئاماژەیە ئۆفیسی پشکنەری گشتی دوێنێ پـێنجشەممە ڕاپـۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا باسی لە ستراتیژیەتی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کرد. دەڵێت دەسەڵاتدارانی کابول مەترسیان هەیە بزوتنەوەی تاڵیبان بتوانێت کۆنترۆڵی تەواوی وڵاتەکە بکات ئەگەر بێت و لەگەڵیدا سەودایەک بکرێت.
بڵاوکردنەوەی ئەم دوو ڕاپـۆرتە لە کاتێکدا بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ بە ئاڕاستەی ستراتیژیەتێکی نوێ هەنگاو دەنێت کە ئامانج لێی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە لە سوریا و ئەفغانستان.