کاربەدەستێک لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕووبەڕووی تورکیا دەبنەوە ئەگەر هێرشیان بکاتەسەر

کاربەدەستێکی باڵا لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت لە توانا لەشکریـیەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دڵنیایە وە ئەو هێزانە ڕووبەڕووی هێزەکانی تورکیا دەبنەوە ئەگەر هاتوو هێرش بکەنە سەر ناوچەکانی باکوری سوریا.

کاربەدەستەکە ئەمڕۆ سێشەممە بۆ کەناڵی ئەلحوڕە لێدوانی دا و گوتیشی فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە هاوپەیمانەکانی ئەوانەی لەوەتای ساڵی 2014 وە چەکیان هەڵگرتووە بۆ شەڕی دژی داعش و لەو پـێناوەدا قوربانیـیەکی زۆریان داوە و توانیویانە بە شەڕی قارەمانانە داعش لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەناوبەرن.

گوتیشی وەزارەتی بەرگری ڕێگە بە تورکیا نادات هیچ کوشتنکاریـیەک بەرامبەر کوردەکان بکات هەر لە قامیشلو و حەسەکەوە هەتا عەین عیسا و مەنبج و گردە سپی. جەختی کردەوە ئەوەی بەسەر عەفرین هات ڕۆیشت و دووبارە نابێتەوە.

کاربەدەستەکە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەیە بەوەی لە سوریا ڕوودەدات، گوتی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی میکانیزمی ناوچەی ئارام لەگەڵ تورکیا وە ڕێگەی پـێنادات لەوە زیاتر بڕوات.

باسی لەوەش کرد پەیامی ترامپ بۆ کوردەکان گەیشتووە، ئەویش هێزەکانی ئەمەریکا لەبەر چەند هۆیەک لە سوریا ماونەتەوە، لەوانە ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و بەرگریکردن لە هاوپەیمانە کوردەکانیان تاوەکو بتوانن خۆیان بەڕێوەبەرن بەبێ ئەوەی بوار بە ڕژێمی سوریا و گروپەکانی ئێران و ڕووسیا بدرێت لە ڕووباری فورات بەرەو ناوچەکانی ڕۆژهەڵات بپەڕێنەوە.

کاربەدەستەکە هەروەها گوتی ئەو کەسە بە هەڵدا دەچێت ئەگەر پـێی وابێت هێزەکانی سوریای دیموکرات کە نزیکەی 70 هەزار شەڕڤانیان هەیە، ڕووبەڕووی هێزەکانی تورکیا نابنەوە ئەگەر هێزەکانی تورکیا سنوورەکانی سوریا ببەزێنن. ئاماژەی بۆ تواناکانی شەڕڤانی کورد کرد و گوتی بەهێزن و ئەزمونێکی زۆرباشی جەنگیـیان هەیە وە ڕەنگە لەشکری تورکیا زیانی پـێبکەوێت ئەگەر هێرشبکاتە سەر ناوچە کوردیـیەکان.

کاربەدەستەکە کە نەیویست ناسنامەکەی ئاشکرابکرێت، گوتیشی لە بودجەی وەزارەتی بەرگری هەتا ساڵی 2020 پارە تەرخانکراوە بۆ پشتیوانیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕووی لۆجستی و دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و هەموو پـێدوایستـیەکانی دەیانەوێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و هەر هێزێکی دیکە.