کاربەدەستێک لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕەتیدەکاتەوە باس لە وادەی کشانەوەی هێزەکان لە سوریا بکات

کاربەدەستێک لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕەتیکردەوە باس لە وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بکات، دەڵێت ئەو کارە بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان دەکرێت.

تۆم کرۆسن بەرپـرس لە ئۆفیسی وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە کەناڵی ئەلحوڕەی گوتووە ڕانەگەیاندنی خشتەی کاتی کشانەوەی هێزەکان لە سوریا لەسەر ڕێنمایی فەرماندە لەشکریـیەکانە و پەیوەستە بە لەناوبردنی داعش و هەروەها دانانی میکانیزمێک بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری ناوچەکە لە پاش کشانەوەی هێزەکان.

جێی ئاماژەیە ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ دوێنێ پـێنجشەممە لە ڕاپـۆرتێکیدا نووسیویەتی بەپـێی کاربەدەستانی ئێستا و پـێشووی ئەمەریکا لەشکری ئەمەریکا ئامادەکاری دەکات بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا هەتا کۆتایی مانگی چوار وە بەشێکی گەورەی ئەو هێزانە ڕەنگە هەتا ناوەڕاستی مانگی سێ بکشێنەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزیش دەڵێت کاربەدەستێکی ئەمەریکا گوتویەتی کشانەوەکە بنکەی تەنەفیش دەگرێتەوە، ئەوەی دەکەوێتە ناوچەیەکی سنووری نزیک لە سنوورەکانی سوریا لەگەڵ عێراق و ئوردن.

کاربەدەستێکی تورکیش گوتویەتی هێشتا ئەمەریکا باسی لە کاتی کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا بۆ ئەنکەرە نەکردووە.

لە لایەکی دیکە کاربەدەستێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ڕۆیتەرزی گوتووە ئەوەی دەیزانن هێشتا هیچ کشانەوەیەک نەبووە و هیچ باسێک لەسەر وادەی کشانەوە نەکراوە و دۆخەکە وەکو خۆیەتی.

سەرۆک ترامپ لە 19 ی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو بڕیاری دا هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بکشێنەوە، ئەمەش ناڕەزایی ژمارەیەک لە کاربەدەستانی لێکەوتەوە، لەوانە جێم ماتیس وەزیری بەرگری کە دەستی لەکارەکەی کێشایەوە. فەرماندە لەشکریـیەکان دەڵێن سەرۆک ترامپ بۆ ئەم مەبەستە ڕاوێژی پـێ نەکردوون.