ئەمەریکا پـێشنیارێـکی ڕووسیای سەبارەت بە سوریا ڕەتکردەوە

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پـێشنیارێـکی ڕووسیای ڕەتکردەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی هاوبەش لە دژی گروپە تێرۆرستیـیەکان لە سوریا.

جێف دەیڤس گوتەبێژی پەنتاگۆن ئەمڕۆ هەینی بە ڕۆژنامەوانانی گوت " ئێمە لە سوریا هیچ هاوکاریـیەک یان هەماهەنگیـیەک لەگەڵ ڕووسیا ناکەین."

پـێشـتر سێرگی شۆیجو وەزیری بەرگری ڕووسیا گوتی وڵاتەکەی پـێشنیاری کردووە بۆ ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە دژی داعش کە لە 25 ی مانگی پـێنجەوە دەستبکەن بەوەی پـێکەوە هێرشی هاوبەش لە سوریا ئەنجام بدەن لە دژی گروپە تێرۆرسـتیـیەکان، لەوانە داعش و بەرەی نوسرەی باڵی قاعیدە لە سوریا.

گوتیشی دەبێت هێرشەکان ئەو گروپانەی دیکەش بگرێتەوە کە پابەندی ئاگربەستەکە نابن و هەروەها ئەو بارهەڵگرانەی لە تورکیا چەک و تەقەمەنی بۆ ناو سوریا دەگوێزنەوە.

جەختی لەوەش کرد کە لە 25 ی مانگی پـێنجەوە مافی وڵاتەکەیەتی یەک لایەنە هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر شوێنی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکان و کۆمەڵە چەکدارە نایاسایـیەکانی پابەندی ئاگربەستەکە نابن.