فەرماندەیەکی لەشکری ئەمەریکا داوادەکات پـیاداچوونەوە بە پەیوەندیـیەکان لەگەڵ پاکستاندا بکرێت

گەورە فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانسـتان دەڵێت پـێویستە پـیاداچوونەوەیەکی گشتگیر بە پەیوەندیـیەکان لەگەڵ پاکستاندا بکرێت، چونکە ئەو وڵاتە پشـتیوانی تاڵیبان دەکات و حکومەتی ئەفغانی لاوازدەکات.

جەنەڕاڵ جان نیکڵسن ئەمڕۆ پـێنجشەممە بە کۆمیتەی تایبەت بە هێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنی سیناتی گوت " باشترین ڕێگە بۆ هەڵسەنگاندنی پەیوەندیـیە ئاڵۆزەکان لەگەڵ پاکستان بە ڕێگەی پـیاداچوونەوەیەکی گشتگیر دەکرێت."

لەم ساڵانەی دوایی ئەمەریکا یارمەتیـیە لەشکری و ئابوریـیەکانی بۆ پاکستان زۆر کەمکردووەتەوە، ئەمەش نیشانەی ئاستی ناڕەزایی کاربەدەستانی ئەمەریکایە لە بەرامبەر پـشتیوانی ئیسلام ئاباد بۆ تاڵیبان لە ئەفغانسـتاندا.

جەنەڕاڵ جان نیکڵسن ڕەخنەشی لە ڕووسیا گرت و گوتی ئەو وڵاتەش ئامانجی لە ئەفغانسـتان لاوازکردنی ئەمەریکا و ناتۆیە، وە خوازیارە شەرعیەت بە تاڵیبان بدرێت.