دەستگیرکردنی کەسێک لە ئەمەریکا بە تۆمەتی پەیوەندی بەو بۆمبانەی بۆ کەسایەتیـیەکانی دیموکرات ڕەوانەکرابوون

کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن کەسێکیان دەستگیرکردووە پەیوەندی بەو بۆمبانەوە هەیە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ڕێگەی پـۆستەوە بۆ ژمارەیەک کەسایەتی ناوداری دیموکراتەکان ڕەوانەکرابوون.

سارا فلۆرێس گوتەبێژی وەزارتی دادی ئەمەریکا لەم بارەیەوە لە تویتەرەکەی نووسیویەتی"دەتوانین پشـتڕاستیبکەینەوە کەسێک دەسـتگیرکراوە. کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە وەزارەتی داد دەبەستین لە کاژمێر 2:30 ی پاش نیوەڕۆ بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا."

لایەنە فەرمیـیەکان بۆ میدیاکانیان ئاشکراکردووە کەسەکەلە فلۆریدا دەسـتگیرکراوە و ناوی Cesar Sayoc Jr. و تەمەنی 56 ساڵە و لە ڕابردووشدا تاوانی ئەنجامداوە. هەروەها کەناڵە تەلەفیزیۆنیـیەکان ڕاستەوخۆ ڤیدیۆیان لە ناوچەیەک دەگواستەوە کە کارمەندانی دەزگای FBI پشـکنینیان لێدەکرد و دەستیانگرت بەسەر ئۆتۆمبیلێکی ڤاندا.

پـۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن لە چەند ڕۆژی ڕابردوو 12 بۆمب بۆ کەسایەتی گەورەی دیموکراتەکان ڕەوانەکرابوون، لەوانە براک ئۆباما سەرۆکی پـێشووی ئەمەریکا و جێگرەکەی جۆ بایدن و هێلەری کلنتن کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2016.

دەزگای FBI دەڵێت هەر ئەمڕۆ دەستیانگرتووە بەسەر زەرفێکی دیکە کە بۆ سیناتۆر کوری بوکەری ویلایەتی نیوجێرزی ڕەوانەکرابوو. دانەیەکی دیکەش لە پۆستخانەی مانهاتنی نیویۆرک دۆزراوەتەوە کە بۆ جەیمس کلاپەر سەرۆکی پـێشووی دەزگای زانیاری نیشتمانی ئەمەریکا DNI نێردرابوو.