سەرۆک ترامپ: هەرگیز ئەمەریکا وەکو ئەمڕۆ بەهێزترین وڵاتی جیهان نەبووە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکەی عەمباری چەکی ناوکی نۆژەنکردووەتەوە و هەرگیز وەکو ئێستا بەهێزترین وڵاتی جیهان نەبووە.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر تویتەرەکەی ئەمەی ڕاگەیاند، پاش ئەوەی کۆریای باکور ڕایگەیاند تاووتوێی ئەگەری لێدانی دورگەی گوامی ئەمەریکا دەکات.

سەرەتا سەرۆک ترامپ نووسیویەتی " یەکەم فەرمان وەکو سەرۆک داومە نۆژەنکردنەوەی عەمباری چەکە ناوکیـیەکانمان بووە. ئێستا زۆر لە جاران بە توانا و بەهێزترە."

پاشان نووسیویەتی"هیوادارین هەرگیز ئەم چەکە بەکارنەهێنین، بەڵام هەرگیز وەکو ئەم کاتەی ئێستامان بەهێزترین وڵاتی جیهان نەبووین."

لە لایەکی دیکە جێمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمەریکا هۆشداری دایە کۆریای باکور، گوتی دەبێت کۆریای باکور وازبهێنێت لە هەوڵی دروستکردنی چەکی ناوکی و ئەو ڕەفتارانەی کە ڕەنگە ببنە مایەی لەناوچونی ڕژێمەکەی و ماڵ‌وێرانی بۆ گەلەکەی.

هەروەها ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لەو دەمەی لە ئاسیاوە بەرەو ئەمەریکا دەگەڕایەوە، لە فڕۆکەکە بە ڕۆژنامەوانانی گوت سەرۆک ترامپ بەو زمانە قسەی کرد کە کیم جونگ ئون ڕێبەری کۆریای باکور لێی تێدەگات. گوتیشی پـێدەچێت کیم جونگ ئون لە زمانی دیپـلۆماسیەت تێنەگات.

Your browser doesn’t support HTML5

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت سەرۆک ترامپ بە زمانێک قسەی کردووە کە ڕێبەری کۆریای باکوری لێی تێدەگات

دوێنێ سێشەممە سەرۆک ترامپ لە کۆبوونەویەکدا لە کۆشکی سپی گوتی بۆ کۆریای باکور باشترە چیتر هەڕەشە لە ئەمەریکا نەکات، ئەگەر نا ئەوا ڕووبەڕووی " ئاگر و توڕەبوونێک" دەبێتەوە کە هەرگیز پێشتر جیهان نەیدیوە.

Your browser doesn’t support HTML5

سەرۆک ترامپ هۆشداری بە کۆریای باکور دەدات

کۆریای باکوریش لە کاردانەوە بەرامبەر ئەم لێدوانەی سەرۆک ترامپ گوتی تاووتوێی لێدانی چەند شوێنێـک دەکات لە نزیک بنکە لەشکریـیەکانی ئەمەریکا لە دورگەی گوام.