سەرۆک ترامپ لە ڕێگەی ڤیدیۆوە وتارێک بۆ مەراسیمی کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم پـێشکەش دەکات

کاربەدەستێکی ئەمەریکا دەڵێت لە مەراسیمی کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئۆرشەلیمی پایتەختی ئیسرائیل کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بەڕێوەبچێت، سەرۆک ترامپ لە ڕێگەی ڤیدیۆوە وتارێک بەو بۆنەیە پـێشکەش دەکات.

کاربەدەستەکە ئەمڕۆ هەینی لە تەل ئەڤیڤەوە ئەمەی بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس ئاشکراکرد و گوتی بە ئەوپەڕی خۆشخاڵیـیەوە چاوەڕێی ئەو ساتە مێژوویـیەن.

گوتیشی پـێشبینی دەکات 800 کەس ئامادەی مەراسیمەکە ببن، لە نێویاندا شاندێکی گەورەی کۆنگرێسی ئەمەریکا.

هەروەها جۆن سولیفان یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و ئیڤانکای کچی سەرۆک ترامپ و جارید کوشنەری زاوای کە ڕاوێژکاری کۆشکی سپـیـیە ئەوانیش ئامادەی بۆنەکە دەبن.

لە ئێستادا بۆ ماوەیەکی کاتی بینای کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئۆرشەلیم دەکرێتە باڵیۆزخانەکە هەتا ئەو کاتەی بینای نوێی باڵیۆزخانەکە تەواودەبێت.