ئەمەریکا عێراقیـیەک دەسـتگیردەکات بە تاوانی ئەندامێتی داعش

کاربەدەستانی ئەمەریکا پەنابەرێکی عێراقیان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی ئەندامێتی داعش و کوشتنی پـۆلیسێکی عێراقی.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا دوێنێ چوارشەممە لە بەیانـنامەیەکدا لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی عومەر عەبدولسەتار ئەمین تەمەن 45 ساڵ کە خەڵکی شارۆچکەی ڕاوەی پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای عێراقە، ئەمڕۆ لە ناوچەی سەکرەمێنتۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا لە لایەن هێزێکی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI دەسـتگیرکرا لەسەر داوای دادگایەکی فیدراڵی عێراق.

بەیانـنامەکە دەڵێت لە 15 ی مانگی پـێنج دادگای فیدراڵی عێراق لە ناوچەی کەرخی بەغدا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ عومەر عەبدولسەتار ئەمین دەرکردووە بە تۆمەتی کوشتنی پـۆلیسێک لە شارۆچکەی ڕاوە لە ساڵی 2014.

بەپـێی فەرمانی دەسـتگیرکردنە عێراقیـیەکە ناوبراو لە 22 ی مانگی شەشی ساڵی 2014 لەگەڵ کۆمەڵێک چەکداری داعش بە چەند ئۆتۆمبیلێک چوونەتە سەر ماڵی پـۆلیسەکە لە شارۆچکەی ڕاوە و کوشتویانە.

جگە لەو تاوانە چەندان تاوانی دیکەی لەسەرە، لەوانە یارمەتیدان لە دانانی بۆمبی چێنراو بۆ گروپە تێرۆرستیـیەکان. لە ساڵی 2004 وە ئەندامی قاعیدە لە عێراق بووە و پاشان بووە بە داعش. بەپـێی سەرچاوە عێراقیـیەکان بنەماڵەی عومەر یەکێک بووە لەو پـێنج بنەماڵەیەی لە ڕاوە قاعیدەیان دامەزراندووە.

ناوبراو لە مانگی چواری ساڵی 2012 گەیشتبووە تورکیا و لەوێوە هەوڵی داوە مافی پەنابەری لە ئەمەریکا وەربگرێت، بەڵام تورکیا نەماوەتەوە و گەڕاوەتەوە و عێراق و چەند جارێک لە نێوان هەردوو وڵاتدا هاتوچۆی کردووە هەتا لە مانگی یازدەی ساڵی 2014 داوای مافی پەنابەریـیەکەی پەسەند دەکرێت و دەگاتە ئەمەریکا. بەپـێی بەڵگەنامەکان ناوبراو لە داوای پەنابەریـیەکەی کۆمەڵێک درۆی کردووە، گوتوویەتی قوربانی دەستی تێرۆرستانە و باوکی لە ئەنجامی هاوکاریکردنی لەشکری ئەمەریکا بە دەستی تێرۆرستان کوژراوە.

لە ئێستادا حکومەتی ئەمەریکا بە نیازە بەپـێی ڕێکەوتننامەیەکی لەگەڵ عێراق عومەر عەبدولسەتار ئەمین ڕادەستی بەغدا بکات.