بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ هەفتەی داهاتوو زانیاری بە کۆنگرێس دەدات لە بارەی ئێرانەوە

سەرچاوەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا گوتویانە کاربەدەستان لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ هەفتەی داهاتوو لە دانیشتنێکی داخراودا زانیاری بە یاسادانەرانی ئەمەریکا دەدەن لە بارەی دۆخەکە لەگەڵ ئێراندا.

بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز یاریدەدەران لە ئەنجومەنی سینات دوێنێ پـێنجشەممە گوتویانە مایک پەمپـێیۆ وەزیری دەرەوە و پاتریک شاناهان وەزیری بەرگری بە وەکالەت و جۆزێف دەنفۆرد سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو بۆ ئەم مەبەستە لە ئەنجومەنی سینات ئامادەدەبن.

یاریدەدەران لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش گوتویانە پـێشبینی دەکەن هەفتەی داهاتوو مایک پەمپـێیۆ لە دانیشتنێکدا لەم بارەیەوە زانیاری بە ئەنجومەنی نوێنەران بدات، بەڵام هێشتا بڕیار لەسەر وردەکاریـیەکانی دانیشتنەکە نەدراوە.

ماوەی چەند هەفتەیەکە ئەندامانی کۆنگرێس ڕەخنە لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ دەگرن لەوەی زانیاری پـێویستیان ناداتێ سەبارەت بە گرژیـیەکانی ئێستا لەگەڵ ئێراندا. تەنانەت ژمارەیەک لە کۆماریـیەکانیش دەڵێن هیچ زانیاریـیەکیان لەم بارەیەوە پـێنەگەیشتووە.