ئەمەریکا بە نیازە هاوکاریـیە لەشکریـیەکانی لەگەڵ یۆناندا زیاتربکات

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە نیازە هاوکاریـیە لەشکریـیەکانی لەگەڵ وڵاتی یۆنانی ئەندامی ناتۆ زیاتربکات، ئەمەش لە کاتێکدا ساردی کەوتووەتە نێوان پەیوەندیـیەکانی واشنتن و ئەنکەرە.

جەنەڕاڵ جۆزێف دەنفۆرد سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا دوێنێ سێشەممە سەردانی وەزارەتی بەرگری یۆنانی کرد و لەوێ لەگەڵ ئەدمێراڵ ئێڤانگێلۆس ئەپۆستۆلاکیس هاوتا یۆنانیـیەکەی کۆبووەوە.

بەپـێی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئەثینا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ زیادکردنی هاوکاریـیە لەشکریـیەکانی لەگەڵ واشنتندا.

جەنەڕاڵ دەنفۆرد لەم بارەیەوە گوتویەتی" ئەگەر سەیرێکی جوگرافیا بکەیت و بڕوانیتە ئۆپەراسیۆنەکانی ئێستا لە لیبیا و سوریا و هەروەها شیانی ڕوودانی ئۆپەراسیۆن لە ڕۆژهەڵاتی دەریا ناوەڕاست، ئەوا گرنگی ئێرەت بۆ ڕووندەبێتەوە."

هەردوو سەرکردە جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەواڵگری نێوان هەردوو وڵات و بە تایبەتی لە بواری نەهێشتنی تێرۆرزمدا.

کاربەدەستێکی باڵای حکومەت گوتی لە ئەمڕۆدا پەیوەندیـیەکانی نێوان ئەمەریکا و یۆنان لە ئاستێکی زۆر باشدایە.

ماڵپەڕی میلیتەری تایمز نووسیویەتی هەرچەندە جەنەڕاڵ دەنفۆرد گوتویەتی بەکارهێنانی زیاتری بنکە لەشکریـیەکانی یۆنان پەیوەندی نیـیە بە پەیوەندیـیەکانی نێوان واشنتن و ئەنکەرە، بەڵام لەم ساڵانەی دوایی گرژی کەوتووەتە نێوان واشنتن و ئەنکەرە بەهۆی سیاسەتەکانی ئەمەریکا لە سوریا و هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 و نیازی تورکیا بۆ گڕینی سیستەمی s-400 ی ڕووسیایی.

هەروەها ماڵپەڕەکە نووسیویەتی لەم مانگە پارێزەرانی حکومەتی تورکیا هەوڵیان داوە هەستانی فڕۆکەکانی ئەمەریکا لە بنکەی ئینچەرلیک ڕابگرن و هاوکات بە دوای کاربەدەستانی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا بڕۆن بەوەی گوایە پەیوەندیـیان هەبووە بە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 وە هەبووە.