وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە دوایـین ساتدا بەرنامەی گەشتەکەی بۆ ئەڵمانیا هەڵوەشاندەوە، لەبەر چەند بابەتێکی گرنگ کە هێشتا ڕانەگەیەندراوە.
مۆرگن ئۆرتەیگس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ سێشەممە گوتی گەشتەکەی مایک پەمپـێیۆ بۆ بەرلین هەڵوەشایەوە و ئێستا لەوەدان کاتی دیکە بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوە گرنگانە دابنێن کە بڕیاربوو ئەمڕۆ بەڕێوەبچن. گوتیشی وەزیری دەرەوە دەیەوێت لە زووترین کاتدا سەردانەکەی بۆ ئەڵمانیا ئەنجام بدات.
خانم مۆرگن ئۆرتەیگس هۆکاری لە ناکاو هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکەی ئاشکرا نەکرد.
بڕیاربوو ئەمڕۆ مایک پەمپـێیۆ لەگەڵ هەریەک لە ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و هەیکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە. پـێشتر ڕۆژی دووشەممە لە وڵاتی فینلاند بەشداری کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی جەمسەری باکور کرد.
ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێس دەڵێت ئۆفیسی خانم مێرکڵ وەڵامی پـرسیاری میدیاکانی نەداوەتەوە لە بارەی هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکە و گوتویەتی ڕەنگە لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەرلین وەڵامەکەتان دەستبکەوێت.
باڵیۆزخانەش لای خۆیەوە تەنیا لێدوانەکەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی لەسەر تویتەرەکەی دووبارکردووەتەوە.
بەپـێی بەرنامەی کاری مایک پەمپـێیۆ، بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە بگاتە بەریتانیا و لەوێ لەگەڵ تێرێزا مەی سەرۆک وەزیری ئەو وڵاتەکە کۆببێتەوە، بەڵام هێشتا ڕانەگەیەندراوە ئایە ئەو گەشتەش هەڵدەوەشێنرێتەوە یان نا.