برێت مەکگورک سەردانی عەین عیسای سوریا دەکات

نێردراوی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش سەردانی شارۆچکەی عەین عیسای سوریای کرد و لەوێ لەگەڵ ئەنجومەنی سیڤیلی ڕەققە کۆبووەتەوە.

برێت مەکگورک ئەمڕۆ پـێنجشەممە گەیشتە ئەم شارۆچکەیە کە نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە شاری ڕەققەوە دورە. لەیلا مستەفا هاوسەرۆکی ئەنجومەنی ڕەققە و ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنەکە پـێشوازیـیان لە برێت مەککورک و شاندی یاوەری کرد کە بریتی بوون لە جەنەڕاڵی بەریتانی ڕۆبەرت جۆنز جێگری فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ شەڕی دژی داعش و هەروەها ژمارەیەک لە کارمەندانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمان.

پاشان کۆبوونەوەیەکی داخراویان ئەنجام دا و هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لە بارەی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکراوە.

لە لایەکی دیکە هێزەکانی سوریا دیموکرات بەردەوامن لە فشارەکانیان بۆ سەر داعش لە شاری ڕەققە و ئەمڕۆ هەتا جادەی ئەلقوتلی لە باشوری ڕۆژهەڵاتی شارەکە گەیشتوون و هاوکات توانیویانە نزیکەی 250 کەسی سیڤیل لە شارەکە دەربازبکەن و بەرەو کەمپی ئاوارەکانیان بگوێزنەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

سەردانی برێت مەکگورک بۆ عەین عیسای سوریا