باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنەی توند لە وڵاتانی عەرەبی دەگرێت

باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنەی توندی لە وڵاتانی عەرەب گرت لە بەرامبەر هەڵوێستیان سەبارەت بە مەسەلەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیـیەکان. دەڵێت وەک پـێویست هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەکە نادەن.

خانم نیکی هەیڵی ئەمڕۆ سێشەممە لە میانەی کۆبوونەوەی مانگانەی ئەنجومەنی ئاسایش دەربارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی" کەوان وڵاتانی عەرەب لە کاتێکدا دەبێت هانی ئاشتەوایی بدەن لە نێوان لایەنە فەڵەستنیـیەکان کە ئەمە شتێکی سەرەکیـیە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی. کەوان وڵاتانی عەرەب لەو دەمەی دەبێت سەرزەنشتی کارە تێرۆرکاریـیەکانی حەماس بکەن؟ کەوان وڵاتانی عەرەب لەو کاتەی دەبێت پشتیوانی لە سەوداکان بکەن لە پـێناو گەیشتن بە ئاشتی؟"

پاشان گوتی" کاتی ئەوە هاتووە وڵاتانی ناوچەکە بە کردەوە یارمەتی گەلی فەڵەستین بدەن لە بری ئەوەی لە دوری هەزاران میلەوە وتار پـێشکەش بکەن."

گوتیشی واشنتن جگە لەوەی یارمەتی دارایی ئاژانسی بەهاناچوونی و کارپـێکردنی پەنابەرانی فەڵەستنی (ئونروا)ی دەدات، ساڵی ڕابردوو 300 ملیۆن دۆلاری بە فەڵەستینیـیەکان پـێشکەشکردووە، بەمەش لەوەتای ساڵی 1993وە ئەمەریکا زیاتر لە 6 ملیار دۆلاری بۆ یارمەتیدانی فەڵەستیـنیـیەکان تەرخانکردووە.

دواتر پـرسیاری کرد و گوتی "ئەی وڵاتانی عەرەب چەندیان بە فەڵەستینیـیەکان داوە لە کاتێکدا هەندێکیان دەوڵەمەندن؟ بێ گومان هێندەی ئەمەریکا پارەیان نەداوە."