جەنەڕاڵ ڤۆتێل داوا لە وڵاتانی کەنداو دەکات خۆیان یەکبخەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران

سەرۆکی فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا داوای لە وڵاتانی کەنداو کرد ناکۆکیـیەکانیان وەلاوە نێن و خۆیان یەکبخەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران و گروپە توندڕەوەکان.

جەنەڕاڵ جوزێف ڤۆتێل ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆبوونەوەی سەرۆکانی ئەرکانی لەشکری وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو لە کوەیت ئەم داواکاریـیەی بۆ ئامادەبووان ڕاگەیاند و گوتی دوو هەڕەشە لە ناوچەکەدا بەردەوامن ئەوانیش کارە ناسەقامگیریـیەکانی ئێران و ڕکخراوە توندڕەوەکانی توندوتیژی ئەنجام دەدەن.

کۆبوونەوەکە فەریق ڕوکن غانم بن شاهین ئەلغانم سەرۆکی ئەرکانی قەتەر تیایدا بەشداربوو، لەم کاتەی گرژی لە نێوان قەتەر و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی هەیە. جەنەڕاڵ ڤۆتێل جەختی کردەوە کە دەبێت ئەم وڵاتانە تواناکانیان بەهێز و یەکبخەن و لە هەموو بوارێکدا پەرە بەخۆیان بدەن لە پـێناو ئاسایشی نەتەوەیـیان.

ئەم ئەفسەرە باڵایەی لەشکری ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکە دووپاتیکردەوە ئەمەریکا دەستبەرداری ناوچەکە و هاوبەشەکانی نابێت و گوتی ئاستی بایەخدانی فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا بە ناوچەکە نەگۆڕاوە.

جێی ئاماژەیە هەردوو سەرۆک ئەرکانی لەشکری میسر و ئوردن ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

لەم دوایـیانە خالید جارالله جێگری وەزیری دەرەوەی کوەیت گوتی وڵاتەکەی تاووتوێی پـێشنیارێکی ئەمەریکا دەکات بۆ پـێکهێنانی هاوپەیمانێتیـیەکی ستراتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئامانجی ڕووبەڕووبونەوەی هەژمونی ئێران.