سەرۆک وەزیری بەریتانیا بڕیاری دا 23 دیپـلۆماتی ڕووسیا لە وڵاتەکەی دەربکرێن، ئەمەش وەک کاردانەوە بەرامبەر هەوڵی کوشتنی سێرگێی سکریپال سیخوڕی پـێشووی ڕووسیایی و یولیای کچی.
تێریزا مەی ئەمڕۆ چوارشەممە بە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوت ڕووسیا بەرپـرسە لە هەوڵی کوشتنی سێرگێی سکریپال لە بەریتانیا، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد بەڵگە هەن دەیسەلمێنن مۆسکۆ لە پشتی ئەو گازە ژەهراویەیە کە بەکارهێنرابوو لە هەوڵی کوشتنی سێرگێی سکریپال و کچەکەی.
پاشان گوتی لە بەرامبەردا حکومەتەکەی بڕیاری داوە 23 دیپـلۆماتی ڕووسیا دەربکات و پەیوەندیـیە دوو قۆڵیـیەکانی نێوان هەردوو وڵاتیش ڕابگرێت و هەموو سەروەت و سامانی دەوڵەتی ڕووسیا لە بەریتانیا سڕبکرێن. گوتیشی لەگەڵ ئەو سزایانەش بەریتانیا بەشداری یاریـیەکانی جامی جیهانی تۆپی پـێ ناکات کە بڕیارە ئەم هاوینە لە ڕووسیادا بەڕێوەبچن.
لەوەتای کۆتاییهاتنی شەڕی ساردی نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، ئەمە یەکەم جارە پەیوەندیـیەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە هێندە گرژیـیان تێبکەوێت. حکومەتی بەریتانیا مۆڵەتی یەک هەفتەی بەو دیپـلۆماتانە داوە بەریتانیا جێبهێڵن. ڕووسیا 59 دیپـلۆماتی لە بەریتانیادا هەیە.
لە لایەکی دیکەوە ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای بەریتانیا کۆبوونەوەیەک لەم بارەیەوە ئەنجام دەدات.
جێی ئاماژەیە 4 ی مانگی سێ لە بەردەم بازاڕێکی شاری سالزبری ڕۆژئاوای باشوری بەریتانیا سێرگێی سکریپال تەمەن (66 ساڵ) لەگەڵ یولیای کچی (33 ساڵ) پـێکەوە لە هۆش خۆیان چوون و بە پەلە بە ئەمبوڵانس بەرەو نەخۆشخانە بران. لێکۆڵینەوەکان سەلماندیان بە گازی ژەهراوی VX هەوڵی کوشتنیان دراوە.