بەریتانیا ڕەتیدەکاتەوە کەسێکی بۆ نێوبژیوانی ناردبێت بۆ ئێران

سەرچاوەیەکی دیپـلۆماسی بەریتانیا ئەو ئیدیعانەی دەسەڵاتدارانی ئێرانی ڕەتکردەوە کە دەڵێن بەریتانیا نێوبژیوانێکی ناردووە بۆ وتووێژکردن لەسەر مەسەلەی ئازادکردنی کەشتیە نەوتەیـیەکەی بەریتانیا، ئەوەی لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە هێزەکانی ئێران لە تەنگەی هورمز دەستیانبەسەرداگرت.

سەرچاوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت وڵاتەکەی هیچ نێوبژیوانێکی نەناردووە و هیچ ئاگادارنین لەوەی نێوبژیوانێک هەبێت.

پـێشتر هەر ئەمڕۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی تەسنیم لە زاری محەمەد گوڵپایگانی بەڕێوەبەری ئۆفیسی ئایەتوڵڵا خامەنەئی بڵاویکردەوە گوایە لەندەن نێوبژیوانێکی ناردووە بۆ مەسەلەی ئازادکردنی کەشتیـیە نەوتیـیەکەی بەریتانیا.