بەریتانیا پارێزبەندی دیپـلۆماسی بە ژنێکی بەریتانی بە ڕەچەڵەک ئێرانی دەبەخشێت

نازەنین زاغەری ڕەتکلیف

بەریتانیا پارێزبەندی دیپـلۆماسی بە ژنێکی بەریتانی بە ڕەچەڵەک ئێرانی بەخشی کە نزیکەی 3 ساڵە لە نێو زیندانەکانی ئێراندایە.

جێرمی هەنت وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند نازەنین زاغەری ڕەتکلیف بێ تاوانە و بەریتانیا پارێزبەندی دیپـلۆماسی پێ بەخشیوە، بەڵام گوتی بەم هەنگاوە چاوەڕوان ناکرێت دەستبەجێ ئازادبکرێت.

ڕیچارد ڕەتکلیف هاوسەری نازەنین، ئەمڕۆ هەینی خۆشحاڵی خۆی لەم بارەیەوە ڕاگەیاند و بە کەناڵی BBC گوت ڕەنگە ئەم بڕیارە لە ماوەی چەند مانگێکدا کاریگەریـیەکەی دەربکەوێت. گوتیشی ئەوەی لە ئێستادا گرنگە پـزیشکێک نازەنین ببینێت و خزمەتگوزاری تەندروستی پـێشکەش بکرێت.

لە لایەکی دیکە حەمید بەعیدی نەژاد باڵیۆزی ئێران بۆ بەریتانیا لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی پـێدانی پارێزبەندی دیپـلۆماسی بە خانم زاغەری پـێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتیـیەکانە، وە هەروەها خانم زاغەری هەر بە ئێرانی دەمێنێتەوە سەرەڕای ئەوەی لە بەریتانیا ژیاوە.

نازەنین زاغەری لە مانگی چواری ساڵی 2016 لە ئێران دەسـتگیرکرا کاتێک لەگەڵ منداڵە ساوەکەی بە سەردانێک بۆ تاران ڕۆیشتبوو. پاشان دادگایی کرا و بڕیاری سزای 5 ساڵ زیندانی بۆ درا بە تۆمەتی سیخوڕی و هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران.