پاش ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزای بەسەر دوو وەزیری تورکیا سەپاند، بەهای لیرەی تورکی لە بازاڕەکانی دراو بە شێوەیەکی بەرچاو شکاوە.
ئەمڕۆ پـێنجشەممە و لە کاژمێر 4 ی پاش نیوەڕۆ بە کاتی ئەنکەرە 100 دۆلاری ئەمەریکایی بە 505.722 لیرەی تورکی بوو.
لە لایەکی دیکە فوئاد ئۆکتای جێگری سەرۆکی تورکیا لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی " ئێمە وڵاتێکی گەورەین بە ئاڵاکەمان و نیشتمانمان و گەلەکەمان، بۆیە بۆ ساتێکیش دوودڵ نابن لەوەی ڕێوشوێنی پـێویست بگرنەبەر بە سەرۆکایەتی سەرۆکمان."
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دوێنێ چوارشەممە سزای بەسەر هەردوو وەزیری ناوخۆ و دادی تورکیا سەپاند. دەڵێت ئەمانە گەورەی دوو وەزارەتن کە مافەکانی مرۆڤ پـێشێل دەکەن. ئەم بڕیارەی ئەمەریکا پاش ئەوە بوو کە ئەنکەرە ڕەتیکردەوە قەشە ئەندرۆ برەنسن ئازادبکەن کە نزیکەی 2 ساڵە دەسـتگیریان کردووە بە تۆمەتی سیخوڕی و پشتیوانیکردن لە فەتحوڵڵا گولەن و پارتی کرێکارانی کوردستان.
سەبارەت بەم دوا پـێشهاتانەی نێوان تورکیا و ئەمەریکا، دەخیلی شەممۆ لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا وتووێژی کردووە لەگەڵ تەحسین عەبدوڵڵا شارەزای پەیوەندیـیە نێودەوڵەتیـیەکان.
Your browser doesn’t support HTML5
وتووێژ لەگەڵ تەحسین عەبدوڵڵا