دادگای ئەنکەرە بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بۆ 32 سەربازی پـێشوو دەدات

دادگایەکی تورکیا بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بۆ 32 سەربازی پـێشوو داوە بە تۆمەتی بینینی ڕۆڵی سەرەکی لە هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 .

میدیاکانی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایانگەیاند دادگای ئەنکەرە ئەوەی تایبەتە بە دادگاییکردنی بەشداربووانی هەوڵی کودەتاکەی 15 ی مانگی حەوتی 2016 ، لە کۆتایی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی بڕیاری خۆی لەسەر ئەو 32 سەربازە داوە کە تاوانبارن بە هەوڵی گۆڕینی سیستەمی دەستوری وڵاتەکە.

بەپـێی داواکاری گشتی تورکیا، سەربازەکان لەوانە بوون کە شەوی هەوڵی کودەتاکە چووبوونە سەر بارەگای ئەرکانی گشتی وڵاتەکە و هەروەها بینای کەناڵی TRT ی دەوڵەت.

ئەم سەربازانە کە بەشی زۆریان پـلەیان ئەفسەر بووە، بەشێکن لەو 497 سەربازەی کە زۆربەیان لە هێزی پاسەوانی سەرۆکایەتی بوون و ئێستا بە تۆمەتی هەوڵی کودەتاکە لەو دادگایەی ئەنکەرە دادگایی دەکرێن.

بەپـێی کەناڵی ئانادۆڵو 106 کەسی دیکەش بڕیاری زیندانیان بۆ دراوە، بەڵام لە نێوان 6 ساڵ هەتا 16 ساڵ.

ئەم بڕیاری زیندانیکردنانە پاش چەند ڕۆژێک دێت لەوەی 10 ئەفسەری باڵای خانەنشین لە هێزی دەریایی دەستگیرکران لە پاش بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنێک کە تیایدا داوایانکردبوو وڵاتەکەیان وابەستەی ڕێکەوتننامەیەکی دەریایی بێت کە 85 ساڵ لەمەوبەر پەسەندکردبوو.