دەسەڵاتدارانی تورکیا فەرمانی دەسـتگیرکردنیان بۆ 110 کەسی دیکە دەرکرد بە تۆمەتی پەیوەست بە ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن، ئەوەی ئەنکەرە بە هەوڵی کۆدەتاکەی ساڵی 2016 تاوانباری دەکات.
ئۆفیسی داواکاری گشتی ئەنکەرە دەڵێت هێزەکانی پـۆلیس ئەمڕۆ دووشەممە دەسـتیانکردووە بە هەڵمەتی دەسـتگیرکردنی ئەو 110 کەسە کە 43 کەسیان ئەفسەرن و 50 کەسیان سەربازن لە هێزی پـیادەی وڵاتەکە.
هەفتەی ڕابردوو لەسەر هەمان تۆمەت زیاتر لە 600 کەسی دیکە لە سەرانسەری تورکیا دەسـتگیرکران.
لەوەتای هەوڵی کودەتاکەی 15 ی مانگی حەوتی ساڵی 2016 ، دەسەڵاتدارانی تورکیا دەیان هەزار کەسیان دەسـتگیرکردووە و زیاتر لە 140 هەزار کەسی دیکەیان لە کارەکانیان دەرکردووە یان لابردووە.
وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە بارەی ئەم دەسـتگیرکردنانە ڕەخنەی توندیان لە ئەنکەرە گرتووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن ئەم دەسـتگیرکردنانە گرنگن بۆ ڕیشەکێشکردنی ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن لە دامودەزگاکانی دەوڵەتی تورکیا.