جێگری سەرۆکی تورکیا دەڵێت وڵاتەکەی لە بەردەم هەڕەشەکان چۆک دانادات، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هۆشداریـیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا.
فوئاد ئۆکتای ئەمڕۆ سێشەممە لە وتارێکدا لە ئەنکەرە گوتی" پەیاممان بۆ کۆمەڵی نێودەوڵەتی ڕوونە. تورکیا دەوڵەتێک نیـیە لە بەردەم هەڕەشەکان چۆک دابدات... کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە ئاسایشی تورکیاوە دەبێت، ئەوا خۆمان بڕیار دەدەین چی بکەین وە وەهاشمان کردووە."
گوتیشی وڵاتەکەی سنوورێک بۆ هێزە کوردیـیەکانی سوریا دادەنێت وە هەولێک دروستدەکات بۆ گەڕانەوەی پەنابەرانی سوری بۆ وڵاتەکەیان.
سەرۆک ترامپ شەوی یەکشەممە لە پاش پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بڕیاری دا هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچە سنووریـیەکانی سوریا لەگەڵ تورکیا بکشێنەوە، ئەمەش ناڕەزایی زۆری ناوخۆی لێکەوتەوە و بە دوایدا سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند ئەگەربێت و تورکیا سنووری خۆی لە مامەڵەکردن لەگەڵ باکوری سوریا ببەزێنێت، ئەوا بە تەواوی ئابوری تورکیا وێران دەکات.