وەزارەتی بەرگری تورکیا دەڵێت کاروانێکی لەشکری وڵاتەکەی بەرەو باشوری پارێزگای ئیدلیبی سوریا بەڕێکەوتبوو، بەڵام هێرشی ئاسمانی کراوەتەسەر و ئاکامدا کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
وەزارەتەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا گوتی کاروانەکە ئەمڕۆ کراوەتە ئامانج لەو کاتەی بە ئاڕاستەی خاڵی چاودێری ژمارە 9 ی تورکیا لە ئیدلیب بەڕێکەوتبوو و بەهۆیەوە 3 کەسی سیڤیل کوژراون 12 کەسی دیکە برینداربوون.
وەزارەتەکە بۆردومانەکەی شەرمەزارکرد و گوتی ئەم هێرشە هاوکاری و دیالۆگی و ڕێکەوتننامەکانی نێوان ئەنکەرە و مۆسکۆ پـێشێلدەکات.
بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە نەکرد کێ هێرشی کردووەتە سەر کاروانەکە کە بەپـێی ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێس پـێکهاتووە لە 5 تانک و نزیکەی 50 زرێپـۆش و ئۆتۆمبیلی لەشکری.
پەیامنێری فڕانس پـرێس دەڵێت کاروانەکە گەیشتووەتە شاری معەرەت ئەلنوعمان کە نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە باکوری خان شەیخونەوە دورە، ئەو شارەی لە ئێستادا هێزەکانی حکومەتی سوریا هەوڵ دەدەن دەستیبەسەردابگرنەوە.
ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لەو کاتەی کاروانە لەشکریـیەکەی تورکیا گەیشتبووە شاری معەرەت ئەلنوعمان، فڕۆکەی سوری و ڕووسی هێرشی ئاسمانیان لە دەوربەری شارەکە ئەنجامدا، تاوەکو ڕێگە لە پـێشڕەویکردنی کاروانەکە بگرن.
تورکیا 12 خاڵی چاودێری لە ناو پارێزگای ئیدلیبی ژێر دەستی ئۆپـۆزسیۆنی سوریدا هەیە. گروپی ناسراو بە هەیئەت تەحریر ئەلشام (بەرەی نوسرەی جاران) لایەنێکی سەرەکی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنە لەو ناوچەیە.