سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داواکارییەکەی بۆ ناوچەیەکی پارێزراو لە سوریا لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزی لەشکری تورکیا دووپات کردەوە، هەرچەندە پلانەکانی تورکیا، لە ئێستاوە لە هەرێمەکەدا ڕووبەڕووی بەرەنگار بوونەوەیەکی زۆر بووەتەوە.
لە ئێستادا ڕەوشەکە بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر ئاڵۆزبووە بەهۆی ئەوەی دەگوترێت ئەمەریکا لە کشانەوەی تەواوی هێزەکانی لە سوریا پاشگەزبووەتەوە.
لە وتووێژێکی تەلەفیزیۆنی لە ڕۆژی یەکشەممە، ئەردۆغان تیشکی خستە سەر پـێویستییەکان بۆ دانانی ناوچەیەکی پارێزراو بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر. سەرۆکی تورکیا گوتیشی ناوچە سنوورییەکانی تورکیا دەبێت لەو هەڕەشە تیرۆرستیانە بپارێزرێن کە بەهۆی چەکدارە کوردەکانی سوریاوە دەێنە ئاراوە.
ئەردۆغان گوتی " ئەگەر ناوچە پارێزراوەکە بە شێوەیەک بێت کە لەگەڵ تێگەیشتنی ستراتیژی ئێمەدا نەگونجێت ئەوا لەلایەن ئێمەوە پەسەند ناکرێت، ئەگەر ناوچەیەکی پارێزراو لە سنووری ئێمە دانرێت دەبێت لە ژێر کۆنترۆڵی خۆماندا بێت."
وەزیری بەرگری تورکیا خلوسی ئاکار لە میانەی کۆبونەوەیەکی جەماوەری هەڵمەتی هەڵبژاردن ڕایگەیاند ئامادەکارییەکانی لەشكری بەهەموو جۆرێک کۆتایی پێهاتووە و " تەنها چاوەڕوانی فەرمانی سەرۆکەکەمان دەکەین."
شارەزایان دەڵێن بڕیاری ئۆپەراسیۆنی سوریا کەوتۆتە سەر کشانەوەی نزیکەی 2 هەزار سەربازی ئەمەریکا لەوێ. بڕیاری سەرۆک ترامپ بۆ کشانەوەی هێزەکان بە شێوەیەکی گشتی بە چرای سەوز بۆ ئانکەرە دادەنرێت بۆ هێرش کردنە سەر یەپەگە.
ڕۆژی هەینی تراپ ڕایگەیاند بەلایەنی کەم 200 سەربازی ئەمەریکا لە سوریا دەمێننەوە. شارەزایان دەڵێن ئەم بڕیارە ڕەنگە پلانەکانی ئانکەرە بۆ هێرشکردنە ناو سوریا تێکبدات و هەروەها ببێتە مایەی ئاڵۆزییەکی نوێ لە نێوان ئەمەریکا و تورکیای هاوپەیمانی ناتۆی.
کارکردنی ئەمەریکا لەگەڵ یەپەگە بۆ شەڕی دژ بە داعش بوو بەهۆی توڕەبوونی زۆری ئانکەرە.
ئەردۆغان ڕۆژی یەکشەممە خۆی پاراست لە ڕەخنەگرتن لە دووا هەنگاوی سەرۆک ترامپ و گوتی لەگەڵ هاوشانە ئەمەریکاییەکەیدا کار دەکات و قایلبوون بەوەی لە مانگی چوار پێکەوە دانیشن.