بڕیارە تیمێکی هاوبەش کونسوڵخانەی سعودیـیە لە ئستەنبوڵ بپـشکنن

بڕیارە تیمێکی هاوبەشی تورکیا و عەرەبستانی سعودیـیە بینای کونسوڵخانەی عەرەبستانی سعودیـیە لە ئستەنبوڵ بپشکنن، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ زانینی چارەنووسی جەمال خاشقچی نووسەر و ڕۆژنامەوانی سعودی.

سەرچاوەیەکی دیپـلۆماتی تورکی ئەمەی بۆ میدیاکان ئاشکراکرد و گوتی چاوەڕوان‌دەکرێت پـشکنینەکە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە بە کاتی خۆجێی بەڕێوەبچێت.

پـێشتر سەلمان بن عەبدولعەزیز شای عەرەبستانی سعودیـیە پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ئەنجام دا و بەپـێی ئاژانسەکانی دەنگ‌وباسی فەرمی هەردوو وڵات، هەردوو ڕێبەر جەختیان کردووەتە سەر گرنگی پـێکهێنانی تیمێکی کاری هاوبەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە جەمال خاشقچی کە نزیکەی دوو هەفتەیە دیارنەماوە لە پاش سەردانی بۆ کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئستەنبوڵ.

لە لایەکی دیکەوە دوو سەرچاوە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزیان گوتووە شازادە خالد ئەلفەیسەڵ کە کەسایەتیەکی ناوداری بنەماڵەی ئال سعودە و ڕاوێژکاری شا سەلمانە، لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەتەوە بە مەبەستی تاووتوێکردنی مەسەلەی دیارنەمانی خاشقچی.