تورکیا ئەو هەواڵانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە شیانی دواخستنی وەرگرتنی S-400 دەکەن

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ئەنکەرە لەسەر داوای واشنتن خشتەی کاتی وەرگرتنی سیستەمی بەرگری موشەکی S-400 ی ڕووسیایی دوادەخات.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ هەینی لەسەر ماڵپەڕەکەی بەیاننامەیەکی حامی ئاکسۆی بڵاوکردەوە کە تیایدا نووسیویەتی" ئەو ڕاپـۆرتە هەواڵیـیانەی لەم دوایـیانە ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە تورکیا تاووتوێی دواخستنی وەرگرتنی سیستەمی بەرگری موشەکی S-400 دەکات هیچ ڕاست نین."

جەختی کردەوە پـرۆسەی وەرگرتنی ئەو سیستەمە لە ڕووسیا وەک چۆن پـلانی بۆ دانراوە بەڕێوەدەچێت.

بەڵام گوتیشی هێشتا تورکیا لەسەر پـێشنیارەکەی خۆی بۆ ئەمەریکا ماوە کە تیمێکی کاری هاوبەش پـێکبهێنرێت بۆ تاووتوێکردنی مەترسیتیەکانی ئەمەریکا لە بارەی S-400.

ئەمەریکا بەستنی سیستەمی S-400 ی ڕووسیایی بە سیستەمەکانی ناتۆوە بە مەترسیـیەکی گەورە دەبینێت بۆ سەر نهێنیـیەکانی تەکنەلۆجیای لەشکری وڵاتانی ناتۆ، لەوانە ئەو تەکنەلۆجیایانەی لە دروستکردنی نوێترین فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکا F-35 بەکارهاتوون.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت ڕۆژی سێشەممە چەند سەرچاوەیەک گوتویانە ئەمەریکا بە جدی بیر لەوە دەکاتەوە ڕاهێنانی فڕۆکەوانانی تورک لەسەر فڕۆکەی F-35 ڕابگرێت بەهۆی بەردەوامبوونی ئەنکەرە لە هەوڵی بەدەستهێنانی سیستەمی S-400.