ڕاگەیاندنەکانی ناو تورکیا دەڵێن سەرۆکی وڵاتەکەیان گوتویەتی گرێبەستێـکیان لەگەڵ ڕووسیا مۆرکردووە بۆ کڕینی سیستەمی پـێشکەوتووی جۆری S-400 بۆ موشەکی بەرگری.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی سێشەممە لەو کاتەی بە فڕۆکەکەی لە کازاخستانەوە بەرەو تورکیا دەگەڕایەوە ئەمەی بۆ ژمارەیەک ڕۆژنامەوانی تورک ڕاگەیاند و گوتویەتی ئەوەی ئەو ئاگاداربێت پارەی پـێشەکی کڕینی سیستمەکە دراوە.
لە مۆسکۆش، ڤلادیمیر کوژین ڕاوێژکاری ڤلادیمیر پـوتن بۆ هاوکاری تەکنینکی لەشکری مۆرکردنی گرێبەستەکەی پشـتڕاستکردەوە و گوتی لە ئێستادا کار بۆ جێبەجێکردنی دەکرێت.
جێی ئاماژەیە ئەمە گەورەترین گرێبەستی لەشکری تورکیایە کە لە دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ئەنجامی بدات ، بۆیە پـێشبینی دەکرێت ببێتە جێی نیگەرانی ئەو وڵاتانە.
پـێشتر وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا تورکیای ئاگادارکردبووەوە لەوەی باشترە ئەو ئامێر و کەلوپەلە لەشکریـیانە بکڕێت کە ڕووی تەکنیکی لەگەڵ سیستەمەکانی ناتۆ دەگونجێن، بەڵام ئەردۆغان گوتی تورکیا دووەم گەورەترین لەشکری ناتۆیە لە پاش ئەمەریکا، بۆیە ئازادە لەوەی چی بە پـێویستی دەزانێت بۆخۆی دەیکڕێت.