وەزیری دەرەوەی تورکیا: دووشەممە ئەردۆغان و پـوتن لە سۆچی کۆدەبنەوە

مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی سەرۆک ئەردۆغان ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن کۆدەبێتەوە. هەروەها کاربەدەستێکی باڵای تورکی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند کۆبوونەوەکە لە شاری سۆچی لە ڕووسیا ئەنجام دەدرێت.

لەم هەفتانەی دوایی هێزەکانی ڕژێمی سوریا کە ڕووسیا پاڵپشتیان دەکات لە دەوروبەری پارێزگای ئیدلیب کۆبوونەتەوە، ئەمەش مەترسی لێکەوتووەتەوە لەوەی شیانی هەیە هێرشێکی گەورەی فراوان بکرێتە سەر شوێنی سەرەکی ئۆپـۆزسیۆن.

ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی هاریکاری بەردەوام هۆشیاریان داوە لەسەر ئەو هێرشە کە ڕەنگە خراپترین کارەساتی مرۆیی لێبکەوێتەوە لە جەنگی حەوت ساڵەی سوریادا.

تورکیا دانوستاندنی چڕ لەگەڵ ڕوسیا دەکات تا ڕێگە لە ڕوودانی ئەو شەڕە بگرێت و چەندان جار داوای ئاگربەستی کردووە.

هەفتەی ڕابردوو ئەردۆغان و پـوتن شکستیان هێنا لەوەی بە ئاگربەستێک بگەن لە میانەی ئەو کۆبوونەوە سێ قۆڵیـیەی بە بەشداری حەسەن ڕوحانی سەرۆکی ئێران لە تاران بەڕێوەچوو.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی هەینی گوتی ئێمە ئامادەی هەموو رێکەوتنێکین لەگەڵ هەریەک لەوانەی لە دژی گروپە تیرۆرستەکان دەجەنگن، بەڵام ڕەخنەی لە ڕژێمی دیمەشق گرت کە بوونی گروپە جیهادیـیەکان بەکاردەهێنێت بۆ شەرعیەتدان بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی لەشکری لە ئیدلیب.

بەهێزترین گروپی چەکداری ئیدلیب گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشامە. مانگی ڕابردوو ئەنکەرە بە فەرمی ئەم گروپەی بە تێرۆرست ناودێرکرد.