سەرۆکی تورکیا دەڵێت وڵاتەکەی لە لیبیا بەردەوام دەبێت

سەرۆکی تورکیا ڕەخنەی توندی لە میسڕ و ئیمارات گرت و دەڵێت وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی حکومەتی ویفاقی نزیک لە ئەنکەرە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ لە ئستەنبوڵ بە پەیامنێرانی گوت " ئەو هەنگاوانەی میسڕ دەینێت بۆ پشتیوانیکردنی حەفتەر نایاسایـین، وە ئەبو زەبیش کاری چەتەگەری دەکات کە پارە و چەک بۆ حەفتەر ڕەوانەدەکات، ئەمەش جێی قبوڵ نیـیە."

گوتیشی"پەیوەندیـیەکانمان لەگەڵ لیبیا بۆ زیاتر لە 500 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بۆیە برا لیبیـیەکانمان بە تەنیا جێناهێڵین و بەردەوام دەبین لەو بەرپـرسیارێتیـیەی لە ئەستۆی خۆمان گرتووە لە لیبیا وەک چۆن هەتا ئەمڕۆ کردوومانە."

ئەم لێدوانەی سەرۆکی تورکیا ڕۆژێک پاش لێدوانەکەی سەرۆکی میسڕ دێت کە بەڵێنی بە شێخ و کەسایەتیـیەکانی لیبیا دا لەشکری میسڕ ڕاستەوخۆ بچێتە ناو شەڕەکەوە ئەگەربێت و هێرش بکرێتە سەر سرت و جوفرە.

عەبدولفەتاح ئەلسیسی گوتی لەشکری میسڕ لەسەر داوای خەڵک و پەرلەمانی لیبیا دەچێتە ناو لیبیاوە وە ئاڵای لیبیا لە بری ئاڵای میسڕ بەرزدەکاتەوە وە هەر کاتێک خەڵکی لیبیا داوای لێکردن وڵاتەکە جێبهێڵن ئەوا دەستبەجێ دەکشێنەوە.

هێزەکانی جەنەڕاڵ حەفتەر جگە لەوەی پەرلەمان و زۆربەی خێڵ و عەشرەتەکانی لیبیا پشتیوانیان دەکەن، میسڕ و ئیماراتیش کۆمەکیان دەکەن.

تورکیا دەیەوێت هێزەکانی حکومەتی ویفاق هەردوو بنکەی ئاسمانی لە سرت و حوفرە کۆنترۆڵبکەن بەرلەوەی بە ئاگربەستێک لەگەڵ جەنەڕاڵ حەفتەر ڕازی بن. میسڕیش دەڵێت سرت و جوفرە بۆ ئەو هێڵی سوورە و ڕێگە نادات بکەوێتە ژێر دەستی ملیشیاکانی تەرابلوسەوە.