دەسەڵاتدارانی تورکیا 3 سەرۆکی شارەوانی کوردیان لە پـۆستەکانیان لادا بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە پارتی کرێکارانی کوردستان و هاوکات لەسەر هەمان تۆمەت 418 کەسیان دەسـتگیرکردووە.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر تویتەرەکەی هەواڵەکەی ڕاگەیاند، دەڵێت بەڵگەیان هەیە سەرۆک شارەوانیـیەکانی ئامەد و مێردین و وان لایەنگری پەکەکەن.
سەلجوق مزراکلی سەرۆک شارەوانی ئامەد و ئەحمەد تورک سەرۆک شارەوانی مێردین و بەدیعە ئۆزگۆکچەرئەرتان سەرۆکی شارەوانی وان تاوانبارکراون بەوەی لە مەراسیمی بەخاکسپاردنەکانی پەکەکە بەشداریانکردووە و سەردانی گۆڕەکانیان کردوون و جادە و پارکەکانیان کردووە بە ناوی زیندانیکراوانی پەکەکە و کەسوکاری ئەندامانی پەکەکەیان دامەزراندووە.
وەزارەتەکە باس لەوەش دەکات حەسەن بەسری گۆزال پارێزگاری ئامەد و مستەفا یامان پارێزگاری مێردین و محەمەد ئەمین یەڵماز پارێزگاری وان، بە وەکالەت لە شوێنیان دانراون.
هاوکات پـۆلیس گەمارۆی بینای شارەوانی ئامەدی داوە و هەر فەرمانبەرێک بچێتە نێو بیناکە دەیپشکنن.
هەدەپە لای خۆیەوە بڕیارەکە بە کودەتایەکی سیاسی ناودێردەکات و لەم بارەیەوە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" ئەو شارەوانیـیانەی بە دەنگی ئازادی ملیۆنان کەس بەدەستهاتوون دەستیان بەسەرداگیراوە."
دەشڵێت بڕیاری لادانی ئەو سەرۆک شارەوانی هیچ بنەمایەکی یاسایی نیـیە و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد هەڵوێستیان هەبێت و بێ دەنگ نەبن.
لەم بارەیەوە خەجیجان فارقین پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە ئامەد ڕاپـۆرتێکی دەنگی ناردووە.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپـۆرتی خەجیجان فارقین