دەسەڵاتدارانی تورکیا لە پاش 8 ساڵ بۆ یەکەم جار ڕێگە دەدەن پارێزەران لەگەڵ عەبدوڵڵا ئوجالان ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان کۆببنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە ئستەنبوڵ سێ لە پارێزەران نەورۆز ئویساڵ، ڕێزان سارجە، فایق ئوزگیور ئەرۆڵ لە بارەی چۆنیەتی چاوپـێکەوتنەکە ڕوونکردنەوەیان دا و هەروەها پەیامێکی عەبدوڵڵا ئوجالان و سێ لە هاوەڵەکانیان خوێندەوە کە پێکەوە لە زیندانی ئیمرالیدان.
پارێزەرەکان گوتیان چوار پارێزەربوون داوای بینینی ئۆجالان و هاوڵەکانیان کردبوو، بەڵام تەنیا ڕێگە بە 2 پارێزەریان درابوو بۆ ماوەی کاتژمێرێک تەنیا چاویان بە ئۆجالان بکەوێت، ئەمەش پاش ئەوەی 810 جار ئەو داواکاریـیە کرابوو.
بەپـێی پەیامەکە، ئۆجالان و هاوەڵەکانی گوتویانە پـێویستە کێشەکان بە ڕێگەی دیموکراسیـیانە چارەسەربکرێن، چونکە کێشەکانی تورکیا و ناوچەکە بە شەڕ و توندوتیژی چارەسەر ناکرێن.
سەبارەت بە کوردانی سوریا، گوتویانە ئەوان لەگەڵ ئەوەدان هێزەکانی سوریای دیموکرات خۆیان دوربگرن لە شەڕ و پـێکدادان و بە شێوەیەکی دیموکراسـیانە لە چوارچێوەی سوریا بە دەستورێک بگەن کە تیایدا مافەکانیان مسۆگەربکرێت. ئاماژەیان بۆ ئەوەش کردووە کە پـێویستە هەستیاری تورکیا لەبەرچاوبگرن.
لە بارەی ئەوانەی مانیان لە خواردن گرتووە بە ئامانجی لابردنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان، گوتویانە ئەوان ڕێز لە هەڵوێستی ئەو هەڤاڵانیان دەگرن کە لە زینداندان یان لە دەرەوە، بەڵام داوایانکردووە ئەو مانگرتنەیان نەبێتە مایەی خراپـبوونی باری تەندروستیـیان و هەروەها نەگاتە ئاستی مردن.
عەبدوڵڵا ئۆجالان لە مانگی دووی ساڵی 1999 وە دەستگیرکراوە، واتە زیاتر لە 20 ساڵە لە زنداندایە.
خەجیجان فارقین پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە ئامەد ڕاپـۆرتێکی لەم بارەیەوە ناردووە.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕاپـۆرتی خەجیجان فارقین