سەرۆک وەزیری تورکیا ڕەخنە لە لێدوانێـکی هێلەری کلنتن دەگرێت سەبارەت بە کوردی سوریا

سەرۆک وەزیری تورکیا ڕەخنەی لە هێلەری کلنتن کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا گرت، پاش ئەوەی گوتبووی کوردەکان لە سوریا باشترین هاوبەشیانن و لەگەڵ ئەوەدایە پـڕچەک بکرێن.

بن عەلی یەڵدرم ئەمڕۆ سێشەممە لە وتاری هەفتانەی بۆ پەرلەمانتارانی سەر بە پارتەکەی لە ئەنکەرە گوتی " کلنتن بە ڕوونی گوتویەتی پـشتیوانی دەکات لە پـێدانی چەک بە ڕێکخراوێـکی تێرۆرستی کوردی. ئەمە واتای چیـیە؟ ئایا ئەمەریکا هاوپەیمانمان نیـیە؟ ئایا هاوپەیمانمان نیـیە لە ناتۆ؟ واتای چیـیە پـشتیوانی لە پـڕچەککردن دەکات؟ ئایا پـێدانی چەک بە یەپەگەی سەر بە پەکەکە بۆ ئەوەی گروپێـکی تێرۆرستی شەڕی گروپـێـکی تێرۆرستی دیکە بکات کارێـکی ئەخلاقیـیە؟"

پاشان گوتی ئەگەربێت تورکیا " چالاکی تێرۆرسـتی" لە ڕۆژهەڵاتی فورات بەدی بکات، ئەوا بۆی هەیە ڕێوشوێنی پـێویست بگرێتەبەر.

جێی ئاماژەیە هێلەری کلنتن لە مشتومڕی ڕاستەوخۆی سەرۆکایەتی، ئەوەی شەوی یەکشەممە بەڕێوەچوو گوتی ئەگەربێت و ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا ئەوا تاووتوێی پـڕچەککردنی کوردەکانی سوریا دەکات. گوتیشی باشترین هاوبەشی ئەمەریکا لە سوریا کوردەکانن.