وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت لەگەڵ شاندێکی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا کۆبووەتەوە و ئەو ئەنجومەنە نوێنەری شەرعی کوردی سوریایە.
مەولود چاوش ئۆغڵو ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر تویتەرەکەی وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیویەتی "کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا، نوێنەری شەرعی خەڵکی کوردی سوریا. پـشتیوانی لە ڕۆڵیان دەکەین لە ناو هاوبەندی نیشتمانی سوریا و لە پـرۆسەی سیاسیدا. جەختکرایەوە گەورەترین زیان بەر خەڵکی کورد بکەوێت دێت لەلایەن ڕێکخراوی تێرۆرستی پەکەکە/ یەپەگەوە."
ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا ئەوانیش لای خۆیانەوە ڕاگەیاندنێکیان لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و تیایدا دەڵێت چاوشئۆغڵو پشتیوانی خۆی بۆ هەموو پـێکهاتەکانی خەڵکی سوریا دەربڕیوە و ئاماژەی بۆ گرنگی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریای کردووە وەک نوێنەری شەرعی کوردی. هەروەها نووسیویانە کە لە کۆبوونەوەکە باسی بەسەرهاتی خەڵکی عەفرین و سەری کانی و گرێ سپی کراوە بە دەستی گروپە چەکدارەکان.
ئەم کۆبوونەوەیە پاش ئەوە دێت کە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری کوردی سوریا، مۆڵەتی بە پارتەکانی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریا دا ئۆفیسەکانیان لە شار و شارۆچکەکانی ژێر کۆنترۆڵیان بکەنەوە بە ئامانجی وەک دەڵێن یەکڕیزی نێو ماڵی کورد.