پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەڵێت دادگایەکی تورکیا ئەمڕۆ هەینی بڕیاری دا سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پـێشووی 4 ساڵ و هەشت مانگ زیندانی بکرێت بە تۆمەتی پـڕۆپاگەندە بۆ "تێرۆرزم".
هەدەپە ئەمڕۆ لەسەر تویتەرەکەی نووسی"بەهۆی داکۆکیکردنیان لە ئاشتی، دەمیرتاش 4 ساڵ و هەشت مانگ حوکمدرا و ئوندەر 3 ساڵ و شەش مانگ. ئەم بڕیارەی حکومەت درێژەدەری سیاسەتی شەڕە. چۆک دانادەین بۆ خەڵکانێک پشتیوانی لە چەتەکانی ئیدلیب دەکەن و شەڕ لە دژی خەڵکی خۆیان دەکەن."
سێری سورەیا ئوندەر ئەویش پەرلەمانتاری سەر بە هەدەپە بوو و لەسەر هەمان تۆمەت دەستگیرکرا و حوکمدراوە.
دەمیرتاش کە لە مانگی یازدەی ساڵی 2016 وە لە زینداندایە، خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمساڵ کاندیدکرد و زیاتر لە 4 ملیۆن کەس دەنگیان پـێدا و بەوەش 8.4% ی دەنگی خەڵکی تورکیای بەدەستهێنا.