بۆچوونى پێكهاته‌كانى كه‌ركوك له‌سه‌ر هێرشه‌كانى توركیا

محه‌مه‌د عوسمان، ره‌خنه‌ى له‌ قسه‌كانى سه‌رۆكى به‌ره‌ى توركمانى گرت، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد ئه‌و جۆره‌ قسانانه‌ سوكایه‌تین بۆ كورد و خزمه‌ت به‌ پێكه‌وه‌ ژیان ناكه‌ن.

پێكهاته‌كانى كه‌ركوك، بۆچوونى جیاوازیان له‌باره‌ى هێرشه‌كانى توركیاوه‌ بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان هه‌یه‌. توركمان پشتگیرى هێرشه‌كه‌ ده‌كات، به‌ڵام عه‌ره‌ب ئیدانه‌ى ده‌كات و كورده‌كانیش نایانه‌وێت، به‌گواستنه‌وه‌ى كێشه‌ى ده‌ره‌كى، دۆخى كه‌ركوك ئاڵۆز بێت.

ئه‌رشه‌د ساڵحى سه‌رۆكى به‌ره‌ى توركمانى، پشتیوانى له‌ هێرشى توركیا بۆ سه‌ر ڕۆژئاواى كوردستان كرد، رایگه‌یاند"هێرشه‌كان بۆ پاراستنى یه‌ك پارچه‌یى سوريایە‌."

به‌ڵام ئیسماعیل حه‌دیدى سه‌رۆكى پێشووى ئه‌نجومه‌نى سیاسى عه‌ره‌بى له‌كه‌ركوك، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى وت"هێرشى توركیا بۆ سه‌ر سوریا داگیركاریه‌ و قابیلى قه‌بوڵ نیه‌."

گوتیشى"توركیا كێشه‌ى نێوخۆییى هه‌یه‌، ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ى داگیركاریه‌وه‌، كێشه‌ نێوخۆییه‌كانى داپۆشێت."

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد كێشه‌ى نێوان كورد و توركیا، ته‌نها به‌گفتووگۆ چاره‌سه‌ر ده‌بێت، نه‌ك داگیركردنى وڵاتى تر.

هاوكات محه‌مه‌د عوسمان په‌رله‌مانتارى پێشوى عێراق و كادیرى پێشكه‌وتووى یه‌كێتى له‌كه‌ركوك، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریكاى گوت"ئه‌رشه‌د ساڵحى به‌ پشتیوانیكردنى هێرشى توركیا، ده‌یه‌وێت كێشه‌ ده‌ره‌كیه‌كان بۆ نێو كه‌ركوك بگوێزێته‌وه‌."

بۆچوونى پێكهاته‌كانى كه‌ركوك ره‌نگدانه‌وه‌ى بۆچوونى وڵاتانى ئیقلیمیه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت توركمانه‌كان له‌ ژێر كاریگه‌رى توركیا پشتگیرى هێرشه‌كه‌ ده‌كه‌ن، لایه‌نى عه‌ره‌بیش هاوڕان له‌گه‌ڵ وڵاتانى عه‌ره‌بى كه‌دژى هێرشه‌كه‌ن.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرت- هێرشی تورکیا